بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی مامۆستایان و بایكۆتی قوتابخانەكان وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێستە لە شاری سلێمانییە و لەگەڵ مامۆستایانی ئەم سنوورە لە كۆبوونەوەدایە.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست "وشە" كەوتوون، پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەسەردانێك ئێستە لە شاری سلێمانییە و لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی پەروەردی سلێمانی و نوێنەری مامۆستایانی مانگرتوو لە كۆبوونەوەدایە.
بەگوێرەی زانیارییەكان دلشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی و چەند بەڕێوبەرێكی قوتابخانەكانی شاری سلێمانی لە كۆبوونەوەدان كە ئەم بەڕێوبەرانە بە نوێنەرایەتی سەرجەم مامۆستایان هاتوونەتە كۆبوونەوەكە و پشتیوان سادق داوای كردووە كۆتایی بە مانگرتن و بایكۆتی قوتابخانەكان بێنن و بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن.
بۆ دەسكەوتنی زانیاری زیاتر "وشە" پێوەندی بە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە كرد، بەڵام ناوبراو وەڵامی پێوەندییەكەی نەدایەوە.
لەسەرەتای خوێندنی ئەمساڵ مامۆستایانی سلێمانی و دەوروبەری، بەهۆی سیستەمی پاشكەوتنی مووچە و دواكەوتنی مووچەی مانگانەیان، بایكۆتی خوێندنی ئەمساڵیان كرد و تا ئێستەش دەرگەی قوتابخانەكان نەكراونەتەوە.