نرخی خانووبه‌ره و شوقه و زه‌وی له مانگی ئاداری ٢٠١٧ به‌راورد به‌هه‌مان مانگی 2016، به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه بینیوه، به‌ڵام نرخی زه‌ویی شوێنه بازرگانییه‌كان و كشتوكاڵییه‌كان دابه‌زیون و شاره‌زایه‌كیش سه‌ركه‌وتنی پێشمه‌رگه، پاشه‌كشه‌ی داعش، به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و نزیكبوونه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان له یه‌كتر به هۆكاری سه‌ره‌كیی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخ هه‌ژمار كردووه.
كۆمپانیای عقارات حاجی سه‌لام بۆ بازرگانی و راوێژكاری خانووبه‌ره، راپۆرتێكی بڵاو كرده‌وه و به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه، به‌های شوقه و خانوو و زه‌وی له مانگی ڕابردوو به‌رز بووه‌ته‌وه به‌راورد به‌مانگی ئاداری ساڵی رابردوو.
راپۆرته‌كه ورده‌كاریی جووڵه و به‌های فرۆشتن له ١٩ پڕۆژه و گه‌ڕه‌ك و زه‌ویی چوار گه‌ڕه‌كی جیاواز و نرخی 11 شه‌قامی بازرگانی و زه‌ویی كشتوكاڵی له پێنج ڕێگه‌ی سه‌ره‌كیی هه‌ولێری به‌داتا و زانیاریی ورد بڵاو كردووه‌ته‌وه.
به‌شی تایبه‌ت به‌و پڕۆژه و گه‌ڕه‌كانه‌ی كه شوقه‌ی تێدایه، ئاماژه به‌هه‌ریه‌ك له گوندی لوبنانی، پارك ڤی‌و، پلاس لایف، ڕۆیاڵ ستی، شاهان ستی و MRF ، كراوه و نرخه‌كه‌ی له تێكڕای گشتی به‌راورد به مانگی ئاداری ساڵی رابردوو ١% به‌رز بووه‌ته‌وه.
له خانوودا هه‌ریه‌ك له گوندی ئینگلیزی، گوندی مناره، ئاڵتوون ستی، ئاشتی ستی 1، دریم ستی، شاری ئیتالی1، 32ی پارك، فه‌رمانبه‌ران، هیواستی، زین ستی، شاری ئیتالی2، گه‌نجان ستی به‌نموونه وه‌رگیراوه و رێژه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كان گه‌یشتووه‌ته ٣% له تێكڕای وه‌رگیراوی به‌رزترین و نزمترین نرخ له گه‌ڕه‌كه ئاماژه پێكراوه‌كان.
له‌باره‌ی ڕووبه‌ری وه‌رگیراوی زه‌ویی به‌تاڵی نیشته‌جێبوون ئاماژه به‌هه‌ریه‌ك له 32ی پارك، دریم ستی، 284، هه‌شتی حه‌سارۆك كراوه كه له زۆرێنه‌یان گۆڕانكاری ئه‌رێنی به‌ئاراسته‌ی به‌رزبوونه‌وه ڕووی داوه و رێژه‌كه گه‌یشتووه‌ته ٧% كه ئه‌مه ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی جووڵه‌ی بازاڕ له فرۆشتنی زه‌وی، زیاتر ڕووی داوه تا خانوو و شوقه له ماوه‌ی ساڵی ڕابردوودا.
حاجی سه‌لام فه‌قێ كه‌ریم، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای عقارات حاجی سه‌لام بۆ بازرگانی خانووبه‌ره و راوێژكاری رای گه‌یاند، هۆكاری جیاواز له پشت به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های شوقه و خانوو هه‌ن كه بریتین له:
١-سه‌ركه‌وتنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و دوورخستنه‌وه‌یان له سنووره‌كانی كوردستان.
٢-به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له 27 دۆلار له سه‌ره‌تای ساڵی ڕابردوو و گه‌یشتنی به سه‌رووی 54 دۆلار كه دوو ئه‌وه‌نده‌ی ساڵی ڕابردووه.
٣-دانیشتن و گفتۆگۆی نێوان هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان و هه‌نگاوه‌كانی پرۆسه‌ی چاكسازی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێم و هه‌بوونی ئاسایشێكی سه‌ركه‌وتوو له‌هه‌رێم.
٤-پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ و ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی مووسڵ، ڕوڵێكی گه‌وره‌ی له ئێسته و ئاینده بۆ كۆی پرۆسه‌ی ئابووریی هه‌رێم و كه‌رتی خانووبه‌ره به‌تایبه‌تی هه‌یه.
٥-به‌هۆی دوورخستنه‌وه‌ی داعش و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت ئابووریی هه‌رێم سات به سات گۆڕانكاریی ئه‌رێنی به‌خۆیه‌وه ده‌بێنێت، بۆیه گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆمپانیا بیانییه‌كان كه پاشه‌كشه‌یان كردبوو، ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه.
له‌باره‌ی به‌های یه‌ك مه‌تر دووجا له هه‌ریه‌ك له شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانی بازرگانی 60 مه‌تری، 40 مه‌تری، 30 مه‌تری، 100 مه‌تری، شه‌قامی شۆڕش، شه‌قامی عه‌نكاوه، شه‌قامی مه‌خموور، شه‌قامی سێتاقان، شه‌قامی ئیسكان، شه‌قامی عه‌داله، شه‌قامی هه‌ڤاڵان هاتووه، ئاستی گۆرانكارییه‌كان نه‌رێنی بووه و %3 دابه‌زین ڕووی داوه، هاوكات له ڕووبه‌ری زه‌ویی كشتوكاڵی بۆ هه‌ریه‌ك دۆنم له رێگه سه‌ره‌كییه‌كانی كه‌ركووك و مه‌خموور و به‌حركه و مه‌سیف و مووسڵ، دابه‌زین ڕووی داوه به شێوه‌یه‌ك ئه‌و دابه‌زینه گه‌یشتووه‌ته ١٣%.
هۆكاری دابه‌زینی به‌های زه‌ویی بازرگانی و كشتوكاڵی به بۆچوونی حاجی سه‌لام فه‌قی كه‌ریم، به‌رێوه‌به‌ری كۆمپانیای عقارات حاجی سه‌لام بۆ خانووبه‌ره و راوێژكاری، گۆڕانكارییه‌كان له به‌های زه‌ویی بازرگانی به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌وتۆ نه‌بووه و كاریگه‌ری ته‌نگژه‌ی دارایی به‌كه‌متر ده‌ركه‌وتووه، به‌ڵام كاریگه‌ری و ده‌رهاویشته‌ی بارودۆخی ئابووریی هه‌رێم له‌سه‌ر زه‌ویی كشتوكاڵی زیاتر ده‌ركه‌وتووه، ئه‌مه‌ش له به‌ر چه‌ند هۆكارێك كه بریتین له:
١-نرخی زه‌ویی كشتوكاڵی له قۆناغی ڕابردوو ڕووبه‌ڕووی حاڵه‌تێكی به‌رزبوونه‌وه‌ی نائاسایی بووبووه‌وه، به‌هۆی زۆری خواست له‌سه‌ری و به‌كارهێنانی له ده‌ره‌وه‌ی پێویست لای به‌شێك له خاوه‌ن سه‌رمایه و بازرگانه‌كان وه‌ك شوێنێك بۆ خۆشگوزه‌رانی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گۆڕانی ئابووریی هه‌رێم و كه‌مبوونه‌وه‌ی پاره و ته‌نگژه‌ی دارایی خواست له‌سه‌ر زه‌ویی كشتوكاڵی كه‌م بووه‌ته‌وه.
٢-گرنگی نه‌دانی لایه‌نی پێوه‌ندیدار به بواری كشتوكاڵ و به‌رهه‌مه‌كانی و یارمه‌تی نه‌دانی جووتیاران و هاورده‌ی به‌رهه‌می زۆری كشتوكاڵ له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ ناوه‌وه‌ی كوردستان، ده‌بێته هۆكاری سه‌ره‌كی بۆ دابه‌زینی نرخی زه‌ویی كشتوكاڵ تا حكوومه‌تی هه‌رێم له‌م ته‌نگژه ئابوورییه ده‌رباز نه‌بێت و گرنگی به بواری كشتوكاڵی نه‌دات، نرخی زه‌ویی كشتوكاڵی به ئاسانی به‌رز نابێته‌وه .
به‌گوته‌ی ئه‌و بازرگانه، نرخی زه‌وی و خانووبه‌ره ڕوو له به‌رزبوونه‌وه‌یه به‌ڵام ورده ورده، ئه‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زه‌وی و خانووبه‌ره كه له ٢٠١٢ تا سه‌ره‌تای ٢٠١٤ به‌خۆیه‌وه بینی، نرخی سروشتی نه‌بوون و ئه‌سته‌مه دووباره نرخی زه‌وی و خانوو تا ئه‌و راده‌یه به‌رز ببنه‌وه. ئه‌و ده‌ڵێت "ئێسته نرخه‌كان سروشتین و كڕیاره‌كانیش كڕیاری ڕاسته‌قینه‌ن نه‌ك بۆ بازرگانیكردن".