بۆچی پێویسته‌ ئه‌و كتێبانه‌ی خۆشت ناوێن بیانخوێنیته‌وه‌؟

:: PM:03:59:18/04/2017 ‌

یه‌كێك له‌و په‌رتووكانه‌ی كه‌ دڵنیای خۆشت ناوێ، چونكه‌ شێوازێكی هه‌ڵه‌ی گرتووه‌ته‌ به‌ر و بیركردنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تۆ جیاوازه‌ و هه‌رگیز بڕوات به‌و جۆره‌ ئایدیایانه‌ نییه‌، ده‌ست بكه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی.

بۆ ئه‌وه‌ی زۆر گرانتریش بێت، با ئه‌و كتێبه‌ی هه‌ڵی ده‌بژێری، نه‌ك ته‌نیا خۆشت ناوێ، ئه‌وه‌ بێت كه‌ ڕكت لێیه‌، له‌و جۆره‌ بابه‌تانه‌یه‌ كه‌ هه‌رگیز بیرت نه‌كردووه‌ته‌وه‌ بیخوێنیته‌وه‌، نووسه‌ره‌كه‌ی له‌و دانه‌رانه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ خۆتی لێ ده‌پارێزی.

دوای ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ت هه‌ڵبژارد، هه‌رچه‌ند گرانه‌ به‌لاشته‌وه‌، ده‌ست بكه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی و تا كۆتا واز مه‌هێنه‌. وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ كرابیته‌ دۆزه‌خه‌وه‌، به‌ڵام ته‌واوت كرد، كه‌واته‌ خه‌ریكه‌ هه‌نگاوێكی باش ده‌بڕی.

ئه‌مه‌ پێوه‌ندی به‌وه‌ نییه‌ كه‌ كتێبێك ده‌خوێنیته‌وه‌ و وا ده‌زانی خراپه‌، دواتر بۆت ده‌رده‌كه‌وێ چێژی خۆی هه‌یه‌، وه‌ك كاره‌كته‌رێكی شه‌ڕانگێز كه‌ له‌ سه‌رێكی تره‌وه‌ خۆشه‌ویستیشه‌، به‌ڵكو گه‌ڕانه‌ به‌ شوێن كتێبێكدا كه‌ ڕكابه‌ریت بكات و تا دوا وشه‌ تۆش له‌ به‌ره‌دا بیت و واز نه‌هێنی و ته‌واوی بكه‌ی.

هه‌وڵ بده‌ له‌م ڕكابه‌رییه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنی، له‌ سه‌رده‌مێكدا كه‌ خه‌ڵكی هه‌میشه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ی دیاریكراو ده‌گه‌ڕێن كه‌ له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌كانی خۆیان هاوئاهه‌نگه‌، وه‌ك چۆن فۆڵۆی كه‌سێكت كردبێ له‌ تویته‌ر و خۆشت ده‌وێ، بۆیه‌ هه‌میشه‌ ئاگه‌داری زانیارییه‌كانیت، یان ئه‌و كۆڕانه‌ی پێشت حه‌زت لێ كردووه‌ بۆی بچیت، یان ئه‌و ڕادیۆیه‌ی خۆت هه‌ڵت بژاردووه‌ گوێی لێ بگری، كتێبیش كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌ خۆمان ده‌مانه‌وێ بیخوێنینه‌وه‌ و بیبیستین، هیچ تاسانێك نایه‌ته‌ به‌رده‌ممان، ناشكرێ بخوێنینه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی تووشی شۆك بین.

خوێندنه‌وه‌، خوویه‌كی به‌ چێژه‌ و كات به‌سه‌ربردنی ڕازاوه‌یه‌، كه‌واته‌ بۆ ده‌بێ شتێك بخوێنمه‌وه‌ كه‌ خۆشم ناوێ و چێژی لێ وه‌رناگرم؟

خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی ڕكت لێیانه‌، هاوكاریت ده‌كات ئه‌و شتانه‌ بدۆزیته‌وه‌ كه‌ جێی بایه‌خی تۆن، ئیتر شێوه‌ده‌ربڕین بێت، یان ڕسته‌یه‌ك یاخود چیرۆكێك بێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی كتێبی كاتێكی زۆری ده‌وێ، پێویستی به‌وه‌یه‌ خوێنه‌ر سه‌رنجێكی زۆرتری بداتێ، زیاتر له‌وه‌ی گوێ له‌ به‌رنامه‌یه‌كی گفتوگۆ ده‌گرێ یان داده‌نیشی به‌ دیار پۆستی فه‌یسبووكه‌وه‌.

زۆر به‌ ئاسانی، ته‌ماشای فیلمێكی دوو سه‌عاتی ده‌كه‌یت و پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ یادت ده‌چێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌رگیز له‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانێكی 300 لاپه‌ڕه‌ییدا كه‌ تا كۆتا بخوێنیته‌وه‌، ئاوا به‌ ئاسانی له‌ مێشكت ده‌رناچێت، چونكه‌ تۆ ئاوێته‌ ده‌بیت له‌گه‌ڵ دنیای كه‌سێكی تردا، ته‌نانه‌ت وات لێ دێ ده‌زانی ئه‌و چۆن بیر ده‌كاته‌وه‌. زۆر كه‌س هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌یه‌ ناتوانێ ئه‌و كتێبانه‌ بخوێنێته‌وه‌ كه‌ ڕكی لێیه‌ و زوو لێی بێزار ده‌بێ و به‌ گرانی ده‌زانێ. له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ به‌جێ بهێڵی، بڕۆ بۆ لاپه‌ڕه‌ی دواتر و ململانێی فكره‌كانی بكه‌، ئه‌وه‌ چییه‌ وای كردووه‌ ئه‌م هه‌سته‌ی بداتێ؟.

ئایا وا ده‌زانی له‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێبێكدا، كاتێك داكۆكی له‌ بیروبۆچوونه‌كانی خۆت بكه‌ی ته‌نیا ده‌تكاته‌ خوێنه‌رێكی باش ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و كتێبانه‌ش كه‌ خۆشت ناون؟ نه‌خێر، ئه‌ی مه‌گه‌ر ناشت كات به‌ ڕه‌خنه‌گرێكی باش؟ پێشتر بۆیه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونانه‌ی ئێسته‌ت بوویت، چونكه‌ هه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ت خوێندبووه‌وه‌، ئێسته‌ كه‌ بابه‌تی پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی خۆت ده‌خوێنیته‌وه‌، باشتر ده‌توانی خاڵی به‌هێزی بۆچوونه‌كانی خۆت بدۆزیته‌وه‌ و ڕه‌خنه‌ له‌ خاڵه‌ لاوازه‌كانی به‌رامبه‌ر بگریت، بۆیه‌ به‌ ئاسانی ده‌توانی له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك له‌و بازنه‌یه‌ بێت، گفتوگۆیه‌كی سه‌ركه‌وتوو كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تۆ ده‌شكێته‌وه‌، ئه‌نجام بده‌یت.

جاری وایه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كتێبانه‌ی ڕكت لێیانه‌، ڕاستییه‌كی نوێت بۆ ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ هه‌رگیز دركت پێ نه‌كردوون، ڕه‌نگه‌ تا ئێسته‌ كه‌ دژی ئه‌م جۆره‌ بۆچوونه‌ بوویت، به‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێبێك له‌سه‌ری، بۆت ده‌ركه‌وێ ئه‌و ڕاستتره‌ نه‌ك تۆ، مرۆڤ هه‌میشه‌ له‌ به‌رده‌م گۆڕانكاریدایه‌، چه‌ند شتێكی باشه‌ له‌ ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌كانت له‌سه‌ر ڕاستی و نا ڕاستیی بۆچوونی خۆت بۆ ده‌ركه‌وێ.

زۆر جار بابه‌تێكی مێژوویی ده‌خوێنیته‌وه‌، ڕاستییه‌كان لای تۆ به‌ شێوه‌یه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌و كتێبه‌ی ده‌یخوێنیته‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی تر باسی كردووه‌، بۆیه‌ گومان له‌ مێكشتدا دروست ده‌بێ، ناچاری كتێبی كه‌سێكی تر بخوێنیته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌تی مێژوویییه‌، به‌ڵام به‌ ئاراسته‌یه‌كی تر جیا له‌وه‌ی خۆت و له‌وه‌ی كتێبی یه‌كه‌م باسی كردووه‌، لێره‌دا ڕاستییه‌كی نوێت بۆ ده‌رده‌كه‌وێ، له‌ نێوان ڕاستییه‌كانی خۆت و ئه‌وانه‌ی كتێبی یه‌كه‌م و كتێبی دووه‌م، ده‌گه‌یت به‌ ده‌رئه‌نجامێك كه‌ هه‌رگیز پێشتر بیرت لێ نه‌كردبووه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ستێكی جیاوازترت ده‌داتێ به‌رامبه‌ر به‌و بابه‌ته‌ مێژوویییه‌ی كه‌ پێشتر وات ده‌زانی به‌ ته‌واوی له‌سه‌ری ده‌زانیت.

دوای ماوه‌یه‌ك له‌ خوێندنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك كتێب كه‌ خۆشت ناوێن، جارێكی تر سه‌رنجێك له‌سه‌ر ناونیشانه‌كانی بده‌ره‌وه‌، ئه‌م جاره‌ بزانه‌ چه‌ندیان وه‌ك خۆی ماون، ڕكت لێیان ده‌بێته‌وه‌ و چه‌ندیان هه‌ڵوێستت به‌رامبه‌ریان گۆڕاوه‌، ئه‌وانه‌ی هێشتا ڕكت لێیانه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێك لێت بپرسێ بۆچی، به‌ چه‌ندان لاپه‌ڕه‌ وه‌ڵامت پێیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیسله‌مێنی كه‌ شایه‌نی ئه‌و ڕكه‌ی تۆیه‌، به‌ڵام پێشتر نه‌تده‌توانی زیاتر له‌ چه‌ند وشه‌یه‌كیان له‌سه‌ر بڵێی.

ڕه‌نگه‌ ئه‌و كتێبه‌ی خۆشت ناوێ، به‌ سه‌رنجێكی زۆر زیاتره‌وه‌ لێی بڕوانی له‌چاو ئه‌و كتێبانه‌ی خۆشت ده‌وێن و ته‌نیا چێژیان لێ ده‌كه‌ی، چونكه‌ تۆ له‌م جۆره‌ كتێبه‌دا، به‌ چاوێكی ڕه‌نخه‌وه‌ سه‌رنجت بۆ دێڕه‌كان ده‌ڕوات، بۆیه‌ باشتریش لێیان تێ ده‌گه‌ی.

شتێكی زۆر به‌ چێژه‌ كاتێك كتێبێك ده‌خوێنیته‌وه‌ و خۆشت ده‌وێ، به‌ڵام ئه‌وه‌یان سه‌رنجڕاكێشتره‌ كه‌ كتێبێك بخوێنیته‌وه‌ و خۆشت نه‌وێ، بۆیه‌ كاتێك یه‌كێكیش ده‌بینی به‌ هه‌مان شێوه‌ی تۆ ڕكی له‌و كتێبه‌ بووه‌ و خوێندوویه‌تییه‌وه‌، پێكه‌وه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ده‌بینی هه‌ریه‌كه‌تان له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێكی تایبه‌ت به‌ خۆی ڕكی لێیه‌ و ڕه‌نگه‌ هه‌ردووكیشتان خاڵی هاوبه‌شتان هه‌بێ، ئه‌مه‌ش گفتوگۆیه‌كی زانستیی به‌هێز دروست ده‌كات.

له‌ ئێسته‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ و یه‌كه‌م ناونیشانی كتێب هه‌ڵبژێره‌ كه‌ هه‌رگیز بیرت لێ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ بیخوێنیته‌وه‌، هێز بده‌ره‌ به‌ر خۆت و وازی لێ مه‌هێنه‌ تا كۆتا، ده‌گه‌یت به‌ ته‌واوی ئه‌و هه‌ستانه‌ی پێشتر له‌م بابه‌ته‌دا باسمان كردووه‌.

له‌ هه‌موو خوێندنه‌وه‌یه‌كی كتێبدا، مه‌رجێكی سه‌ره‌كی به‌هه‌ند وه‌رگیراوه‌، ئه‌ویش دۆزینه‌وه‌ی شوێنێكی گونجاوه‌، له‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كتێبانه‌ی كه‌ خۆشت ناوێن، زیاتر پێویستیت پێیه‌تی، چونكه‌ تۆ هێزێكی ده‌روونیی زۆرترت ده‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی راتبكێشێته‌ ناو كتێبه‌كه‌وه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ناچار بیت له‌و كاته‌دا سه‌رنجت بۆ مۆبایل یان فه‌یسبووك یاخود هیچ شتێكی تر نه‌ڕوات.

كاتێك باسی كتێبێك ده‌كه‌ین كه‌ تۆ ڕكت لێیه‌، مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌و كتێبه‌ خراپه‌، ته‌نیا باسی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئایدیای تۆدا ناگونجێ، كتێبی خراپ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نووسه‌رێكی نه‌شاره‌زا له‌سه‌ر بابه‌تێك قسه‌ی كردبێت كه‌ لێی نازانێ و ده‌ربڕینه‌كانی یه‌ك ناگرێته‌وه‌ و دژی هه‌موو بنه‌ما زانستییه‌كانه‌ و دێڕه‌كانیشی له‌ هه‌موو ڕوویه‌كی ڕسته‌سازییه‌وه‌ شلۆقه‌، ئه‌م جۆره‌ كتێبه‌، پێویسته‌ دوای خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێكی، خۆتی لێ ڕزگار بكه‌یت تا سه‌رنجتی به‌ ته‌واوی له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی كتێب دوور نه‌كردووه‌ته‌وه‌.

به‌ كورتی، خوێندنه‌وه‌ی خێرا بۆ ئه‌و كتێبانه‌یه‌ كه‌ ده‌ته‌وێ بیانخوێنیته‌وه‌، ئه‌م جۆره‌ كتێبه‌ ئه‌وانه‌ت كه‌ ناته‌وێ بیانخوێنیته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م جاره‌ كه‌ چوویته‌ كتێبخانه‌، هه‌وڵ بده‌ ئه‌و كتێبانه‌ش بكڕه‌ كه‌ ده‌زانی زانیاری باشی تێدایه‌، به‌ڵام تۆ خۆشت ناوێن.


سه‌رچاوه‌كان:
- بابه‌تێكی  پامێلا پاول كه‌ له‌ "نیویۆرك تایمز به‌ هه‌مان ناونیشان بڵاو بووه‌ته‌وه‌.
- هوفینگتۆن پۆست
- كیف تقرأ 100 كتاب كل عام


وشە - كوردۆ شابان