له شارۆكه‌ی سۆران ئۆتۆمبێله تایبه‌تییه‌كان، رۆژانه هاوشانی تاكسییه‌كان كاری گواستنه‌وه‌ی هاووڵاتییان و سه‌رنشینان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش بووه‌ته جێگه‌ی نیگه‌رانی لای خاوه‌ن تاكسییه‌كان .
رێبین مه‌حموود كه خاوه‌ن تاكسییه له سۆران به "وشه"ی گوت، ساڵانێكه كاری گواستنه‌وه‌ی هاووڵاتییان ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر بڕیار و رێنوێنیی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی سۆران تاكسییه‌كی مۆدێل 2012 ی به زیاتر له ١٠ هه‌زار دۆلار دۆلار كڕیوه، له هه‌مان كات هاووڵاتی هه‌یه ئۆتۆمبێلی مۆدیل 1990ی به نرخی سێ هه‌زار و ٥٠٠ دۆلار كڕیوه و له‌گه‌ڵ من رۆژانه كاری تاكسی ده‌كات و بگره زیاتر له منیش كار ده‌كات."
ئه‌و خاوه‌ن تاكسییه گوتی، داوا له لایه‌نی پێوه‌ندیدار ده‌كه‌ین گواستنه‌وه‌ی هاووڵاتییان و كاری تاكسی به شێوه‌یه‌كی جوان رێك بخرێت و تاكسی له ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت جیا بكرێته‌وه و رێنوێنییه‌كانی گواستنه‌وه له سۆران جێبه‌جێ بكرێن، چونكه به‌م شێوه‌یه جیا له كارێكی نایاسایی، سیمایه‌كی ناشیرینیشی به سۆران به‌خشیوه.
هاوكات، رێناس كه‌مال كه قوتابییه له زانكۆی سۆران و خه‌ڵكی سنووری پارێزگای سلێمانییه، به "وشه"ی گوت، له سۆران هه‌موو كه‌س ئازاده له گواستنه‌وه‌ی هاووڵاتییان و كاری تاكسی، رۆژانه كه سه‌ردانی شوێنێك ده‌كه‌ن ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت له‌بری تاكسی بۆیان راده‌وه‌ستێ.
ئه‌و زیاتر گوتی، "سه‌ره‌تا كه هاتمه سۆران بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر چاوه‌ڕوانی تاكسیم ده‌كرد، دواتر شاره‌زا بووم كه ئۆتۆمبێلی تایبه‌تیش له سۆران كاری تاكسی ده‌كه‌ن."
عه‌لی عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری گواستنه‌وه و گه‌یاندنی سۆران به "وشه"ی راگه‌یاند، هه‌موو هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی هاووڵاتییانمان له سۆران بۆ شار و شارۆكه و شاره‌دێیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سۆران رێك خستووه و به ئۆتۆمبێلی مۆدێلی پێشكه‌وتوو كاری گواستنه‌وه‌ی هاووڵاتییان ده‌كه‌ن، به‌ڵام هێڵه‌كانی ناوخۆی سۆران تا ئێسته نه‌توانراوه به‌باشی كۆنتڕۆڵ بكرێت و هاووڵاتییان به ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت كاری گواستنه‌وه ده‌كه‌ن.
به‌ڕێوه‌به‌ری گواستنه‌وه و گه‌یاندنی سۆران ئاماژه‌شی به‌وه دا، ره‌چاوی ژیان و گوزه‌رانی ئه‌و هاووڵاتییانه ده‌كه‌ین كه كاری تاكسی ده‌كه‌ن، ره‌نگه هه‌موویان ئه‌و توانایه‌یان نه‌بێت ئۆتۆمبێلی تاكسی مۆدێل سه‌رووی 2010 بكڕن، بۆیه به‌و ئۆتۆمبێله بێ كه‌ڵك و مۆدێل كۆنانه كاری گواستنه‌وه‌ی سه‌رنشینیان ده‌كه‌ن هه‌رچه‌نده ئه‌مه سه‌رپێچیشه له یاسا و رێنوێنییه‌كانی گواستنه‌وه.
زیاتر گوتی بۆ بنبڕكردنی ئه‌و دیارده‌یه، پێویستیان به هه‌وڵ و هه‌ماهه‌نگی لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كانی سۆران هه‌یه به تایبه‌ت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆ .
له‌باره‌ی كاركردنی ئاواره عه‌ره‌به‌كان له سۆران و گواستنه‌وه‌ی هاووڵاتییان، ناوبراو گوتی سه‌ره‌تای شه‌ڕی داعش بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك به‌شێك له ئاواره عه‌ره‌به‌كان كاری گواستنه‌وه‌ی هاووڵاتییانی سۆرانیان ده‌كرد، به‌ڵام به‌بڕیارێك ئه‌وه قه‌ده‌غه كرا.
شارۆكه‌ی سۆران له رووی كارگێڕییه‌وه سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێره، زیاتر له 200 هه‌زار كه‌س له‌و شارۆكه‌یه نیشته‌جێن، به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گواستنه‌وه‌ی سۆران، زیاتر له 400 تاكسی و هه‌روه‌ها 50 پاس كاری گواستنه‌وه‌ی هاووڵاتییان بۆ هێڵه‌كانی ده‌ره‌وه ده‌كه‌ن و ناویان تۆمار كراوه، به‌ڵام ناو سه‌نته‌ری سۆران ژماره‌ی ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت له ئۆتۆمبێلی تاكسی زیاتره .
سۆران – موڕشید برادۆستی