چوار گوندی تر لە تیرۆریستان پاك كرایەوە

:: PM:02:18:24/10/2016 ‌

هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەمڕۆ دووشەم لە میحوەری باشیك تا ئێستە توانیویانە دوو گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە، هاوكات هێزەكانی عێراق لە باشووری مووسڵ هەردوو گوندی خەنەفسان و خانووەكانی وێستگەی كارەبای كۆنتڕۆڵ كردەوە.

سەرچاوەیەك لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری باشیك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەم هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانیویانە هەردوو گوندی تیسخەرابی گەورە و بچووك بە تەواوی لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە و ئێستە ئەو گوندانە لە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندان.

كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو دوو گوندەی میحوەری باشیك لەكاتێكدایە لە هەڵمەتەكەی دوێنێی هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانرا نۆ گوند و رێگەی سەرەكی باشیك-مووسڵیان كۆنتڕۆڵ كردەوە و هەشت ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی تیرۆریستانیشیان تەقاندەوە.

لەلایەكی ترەوە هەر ئەمڕۆ شانەی راگەیاندنی جەنگ لە سوپای عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە، كە هێزەكانی عێراق لە میحوەری باشوور توانیویانە دوو گوند كۆنتڕۆڵ بكەنەوە و تیرۆریستانی لێ وەدەرنێن، كە ئەویش گوندی خەنەفسان و خانووەكانی وێستگەی كارەبایە.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەم شانەی راگەیاندنی جەنگ لە سوپای عێراق لەمیانەی هەفتەیەك تێپەڕین بەسەر دەست پێ كردنی هەڵمەتی رزگاركردنەوەی مووسڵ لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد كە لە هەفتەی دەستپێكی هەڵمەتی مووسڵ لە تەواوی میحوەرەكان 74 گوند و شارۆكە  و شارەدێیەك و ڕووبەڕێكی بەرفرەوان كۆنتڕۆڵ كراونەتەوە.

رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانیان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە ، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د