ورچێك شەوانە لە حاجی ئۆمەران و چۆمان دەگەڕێت

:: PM:09:34:18/04/2017 ‌


ورچێك كە چەند ڕۆژێكە لەلایەن ڕێكخراوی هاوكاری ئەمەریكی و دەستەی ژینگە ئازادكراون، بەهۆی برسیەتی و گەڕان بەدوای خۆراكدا دەچنە ناو ماڵەكانی حاجی ئۆمەران و خەڵكی ترساون، دەستەی ژینگەش بۆ ئەو بابەتە خۆشحاڵی خۆی پێشان دەدات.

ئەمڕۆ سێشەم لە ڕاگەیەندراوێكی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان هاتووە، دوای ئازادكردنی چوار ورچ لەلایەن رێكخراوی هاوكاری ئەمریكی - كوردی لە ژینگەی باڵەكایەتی، هەواڵی یەكێك لە ورچەكان لە میدیاكان بڵاو كرایەوە كە ورچە ماڵییەكە بە شەو هاتووەتە ناو شاری چۆمان و دواتر حاجی ئۆمەران و سەری بە ماڵ و كۆلانەكان كردووە و بە دوای خۆراكدا گەڕاوە.

دەستەی ژینگەی هەرێم دەڵێت، جێگەی دڵخۆشییە كە ورچەكە دۆستی مرۆڤە و ئازاری مرۆڤ نادات، بەڵام بە هۆی نیگەرانی بەشیك لە هاووڵاتییان و بۆ پاراستنی ورچەكە بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان لە هەمان شەو پێوەندی پێوە كردم كە بتوانین چارەسەری بۆ ئەم وەرچە ماڵییە بكەین بۆ ئەوەی كەس زیانی پێنەگەیەنێت.

لە ڕاگەیندراوەكەی دەستەی ژینگەدا هاتووە، بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ قایمقامی چۆمان و لەگەڵ بەرپرسی ریكخراوی هاریكاری ئەمریكی - كوردی و لەگەڵ بەڕێوەبەری باخچەی نوێی ئاژەڵانی هەولێر كە ئێستە لە دەرەوەی وڵاتە، ( باخچەكە لەسەر رووبەری 200 دۆنم زەوی دروست دەكرێ و لە 85% تەواو بووە)، رازیبوون بە بەخیوكردن و چاودێریكردنی ورچەكە، بریار درا كە 18-4 -2017 ورچەكە بگوازنەوە بۆ ناو باخچەی نوێی ئاژەلان و لە شوینێكی باخچەكە بە ئازادی بژیت، دواجار هەواڵمان پێگەیشت كە ورچەكە شەو دەرگەی شكاندووە و رۆیشتووە.

لە پەیامێكی بۆ هاووڵاتییان دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لێرەوە داوا لە هاووڵاتییان دەكەین كە ئەم ورچە ئەزیەت نەدەن و ئاگەداری بن و وەك سەروەتێكی گەشتیاری و ژینگەییی بۆ ناوچەكە سەیری بكەن، ئەگەر ئەم پیكەوەژیانەی ئاژەڵ و مرۆڤ بە ئاشتییانە لە ناوچەكە بەردەوامی هەبێت، ئەوە دەبیتە فاكتەری راكیشانی هەزاران گەشتیار بۆ ناوچەكە، ئەمەش سوودی زۆر بە دانیشتوان و ناوچەكە دەگەیەنێت و لە رووی ناساندن و ناوبانگیشەوە بۆ ناوچەكە زۆر گرنگ دەبێت.





وشە - رامیار جەواد