بە وێنە.. ئەو هەڵانەی ناوبژیوانی یارییەكەی ریال مەدرید و بایرن میونشن كردی

:: AM:11:00:19/04/2017 ‌

رۆژنامەكانی ئەڵمانیا رەخنەی توندیان ئاراستەی ڤیكتۆر كاسای ناوبژیوانی هەنگاری كرد بەهۆی ئەو هەڵە كوشندانەی لە یارییەكەی شەوی رابردووی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و بایرن میونشنی ئەڵمانی ئەنجامی دا.

شەوی رابردوو یانەی بایرن میونشن لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 8ی خەولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامی 4-2 گۆڵ بەرامبەر یانەی ریال مەدرید دۆڕا، هەفتەی رابردووش لە یاریی چووندا بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ دۆڕا بوو، بەمەش بە ئەنجامی 6-3 گۆڵ لە پاڵەوانیەتییەكە كرایە دەرەوە.

رۆژنامەكانی ئەڵمانیا بە وێنە 4 هەڵەی كوشندەی كاسای ناوبژیوانیان خستەڕوو كە بەگشتی بوونە هۆی ئەوەی ئەنجامی یارییەكە بۆ بەرژەوەندی یانەی ریال مەدرید بشكێتەوە لە كاتێكدا لە هەردوو گێمی یارییەكەدا تا خولەكی 80 یانەی بایرن میونشن كۆنتڕۆڵی تەواوی یارییەكەی كردبوو.

ئەو 4 هەڵە گەورەیەی كاسای ئەنجامی دا، بۆ خوێنەرانی (وشە) دەخەینەڕوو:-

كارتی سووری ڤیدال/ رۆژنامەكانی ئەڵمانیا ئاشكرایان كرد كە كاسای لە بڕیاری بەرزكردنەوەی كارتی زەردی دووەم بەرامبەر ئەرتۆرۆ ڤیدال هەڵە بووە، چونكە رووداوەكە مەترسییەكی گەورەی بۆ ئەسینسیۆ نەبوو و شایستەی بەرزكردنەوەی كارت نەبوو.


گۆڵی دووەمی بایرن میونشن/ گۆڵی دووەمی یانەی بایرن میونشن لەلایەن رۆبەرت لیڤاندۆفیسكی ئۆفساید بوو و ئەمەش یەكێكی تر بوو لە هەڵە گەورەكانی كاسای.


گۆڵی دووەمی رۆناڵدۆ/ گۆڵی دووەمی كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە كاتی زیادكراوی یەكەمدا ئۆفساید بوو و ئەمەش بە ئاشكرا لە وێنەكەدا دیارە.



گۆڵی سێیەمی رۆناڵدۆ/ رۆژنامەكان ئاماژەیان بەوەشدا كە كاسای لە هەژماركردنی گۆڵی سێیەمی رۆناڵدۆ هەڵەیەكی گەورەتری ئەنجامداوە، كاتێك مارسێلۆ چووە نێو هێڵی سزای یانەی بایرن میونشن تۆپەكەی بۆ پێشەوە و بۆ بەردەمی رۆناڵدۆ نارد، بێگومان ئەمەش بەپێی یاسای ناوبژیوانان ئۆفسایدە و مەگەر لە دۆخێكدا ئەگەر تۆپەكەی بۆ پشتەوە ناردبا ئۆفساید نەدەبوو.








وشە - ئامانج ئه‌كره‌م