زێدان پێشبینی ئەنجامی یارییەكەی بەرشەلۆنە و یۆڤانتۆس ئاشكرا دەكات

:: AM:11:15:19/04/2017 ‌

زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دوای سەركەوتنی یانەكەی بۆ قۆناغی پێش كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، رایگەیاند كە پێیوایە ئەمڕۆ یانەی بەرشەلۆنەی ركابەرییان بەرامبەر یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی دەدۆڕێ و لە پاڵەوانیەتییەكە دوور دەخرێتەوە.

یانەی ریال مەدرید دوێنێ سێشەم لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 8ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامی 4-2 گۆڵ لە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بردەوە و بەمەش دوای یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید، بووە دووەم یانەی ئیسپانی خۆی بگەیەنێتە قۆناغی پێش كۆتای پاڵەوانیەتییەكە.

زێدان دوای یارییەكە دڵخۆشی خۆی بە سەركەوتن لە یارییەكەدا دەربڕی و جەختیشی كردەوە كە هەنگاوێكی تر لە بەدەستهێنانی دووەم ناسناوی لەسەر یەكی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا نزیك بوونەوە.

سەبارەت بۆ پێشبینییەكانی بۆ یارییەكەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و یۆڤانتۆس، زێدان گوتی: پێموایە ئەمشەو یانەی بەرشەلۆنە دەدۆڕێ و لەسەر دەستی یانەی یۆڤانتۆس بەیەكجاری ماڵئاوایی لە پاڵەوانیەتییەكە دەكات.

یانەی بەرشەلۆنە هەفتەی رابردوو لە یاریی چووندا لە شاری تۆرینۆ بە ئەنجامی 3-0 گۆڵ دۆڕا بوو، بۆیە لە یارییەكەی ئەمشەودا پێویستە لەنێو یاریگەی كامپ نوو بەجیاوازی زیاتر لە 3 گۆڵ سەركەوتن بەدەست بێنێ، واتە یانەكە تاڕادەیەكی زۆر ئەركی قورسە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م