رەنگە نیمار لە یاریی كلاسیكۆ یاری بكات

:: AM:11:30:19/04/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی داوی پێداچوونەوەی بە بڕیارەكەی یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا كردووە سەبارەت بە راگرتنی ئەستێرە بەرازیلییەكەی نیمار دا سیلڤا لە 3 یارییدا.

یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا سزای راگرتنی لە 3 یارییدا بەسەر نیمار سەپاندبوو بەهۆی سووكایەتیكردن بە ناوبژیوانی یارییەكەی نێوان هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و مەلەگە لە خولی پلە یەكی ئیسپانیا.

جۆزێپ ڤیڤیسی وتەبێژی یانەی بەرشەلۆنە رایگەیاند كە داوای پێداچوونەوەی بڕیارەكەیان لە یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا كردووە.

ڤیڤیس بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: سەرجەم كارەكانمان بەشێوەی یاسایی كردووە و بەپێی یاساش داوای پێداچوونەوەی بڕیارەكەمان كردووە و بۆ ئەمەش بەڵگەی یاساییمان هەیە، ئامانجمان ئەوەیە نیمار لە یاریی كلاسیكۆدا بەشداری پێ بكەین.

چاوەڕوان دەكرێ ئەم هەفتەیە یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا وەڵامی داواكەی بەرشەلۆنە بداتەوە، ئەگەریش وەڵامەكە نەخێر بوو، ئەوا یانەی بەرشەلۆنە روو لە دادگای وەرزشی دەكات و دوایین هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی سزاكەی سەر نیمار كەم بكاتەوە تا لە یاریی كلاسیكۆدا ئامادەبێت.

یاریی كلاسیكۆی گەڕی 33ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بەرشەلۆنە یەكشەمی داهاتوو لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوە دەچێت.

یانەی بەرشەلۆنە ئێستا بەكۆكردنەوەی 72 خاڵ لە ریزی دووەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا دێت و یانەی ریال مەدریدیش بە 75 خاڵ لە ریزی یەكەمە، ئەمە لەكاتێكدایە كە یانەكەی دووەم یارییەكی دواخراویشی بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ ماوە و بەگشتی یارییەكانی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا بۆ هەردوو یانەكە جگە لە یارییەكەی سێلتا فیگۆ 6 یاری ماوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م