گرنگترین بڕگەكانی پڕۆژەیاسای بودجەی 2017
پشكی 17%ی هەرێمی كوردستان لە بودجە چەسپێنراوە

:: PM:03:17:24/10/2016 ‌

دوێنێ سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گەیشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2017ی بۆ پەرلەمان راگەیاند و ئەمڕۆش پەرلەمانی لە دانیشتنی ئاسایی خۆی یەكەم خوێندنەوەی بۆ یاساكە كرد.

پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەم دانیشتنی ژمارە 25ی ئاسایی خۆی بەسەرۆكایەتی سەلیم جبووری و ئامادەبوونی 171 پەرلەمانتار ساز كرد و كارنامەی دانیشتنەكە چەند بابەتێك دەگرێتەوە لەوانە یەكەم خوێندنەوەی  پڕۆژەیاسای بودجەی 2017 و دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی.

پەرلەمان یەكەم خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسای بودجە كرا، هاوكات بڕیار لەسەر دواخستنی دەنگدان لەبارەی پڕۆژەیاسای دەستەی گشتی چاودێری تەرخانكردنی داهاتەكانی فیدرال درا.

بەپێی سەرچاوەكان گرنگترین ئەو شتانەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2017 لەخۆی گرتووە كە ئەمڕۆ پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ كرد بریتیە لە:

-قەبارەی خەمڵێندراویی داهاتی نەوت 79 ملیار دیناری عێراقییە و نرخی بەرمیلێك نەوت 42 دۆلارە و بەرهەمهێنانی رۆژانە 3.750 ملیۆن بەرمیل و نرخی دۆلاریش 1182 دینارە. 

-كۆی خەرجییەكان 100 ملیار دۆلارە كە 25 ملیاری وەبەرهێنانە و 75 ملیاری بەكارخستنە، پشكی هەرێمی كوردستان 17%یە لەوانەش پارەی شایستەی كۆمپانیاكانی نەوتی لە هەرێم كار دەكەن.

-پڕۆژەیاساكە باس لە وەستانی دامەزراندن لە هەموو وەزارەت و دەستەكان و وەستانی دامەزراندن لە پلەكانی بەڕێوەبەری گشتی بەرەو سەرەوە دەكات، تەنیا لە حاڵەتی پێویست نەبێت، بێجگە لە بڕینی 4.8% لە مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینان بۆ پاڵپشتیكردنی حەشدی شەعبی و ئاوارەكان.

-بەپێی پڕۆژەكە بڕی 25 هەزار دینار دەخرێتە سەر رسووماتی تكتی گەشتكردن و كەمكردنەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسان و نێردە دیپلۆماسییەكان و بەو شێوەیە، پێنج ئۆتۆمبێل بۆ سەرانی هەرسێ دەسەڵاتەكە، چوار ئۆتۆمبێل بۆ جێگرانی سەرۆكی پەرلەمان، سێ ئۆتۆمبێل بۆ بریكارانی وەزیران و دوو ئۆتۆمبێل بۆ بەڕێوەبەرانی گشتی.

-كەمكردنەوەی ژمارەی فەرمانبەران لە نێردە دیپلۆماسییەكان بەڕێژەی 25% و وەستاندنی هەموو كۆنگرەكانی دەرەوە و كەمكردنەوەی خەرجییەكانی ئیفاد و ماوەی گەشتكردن و داخستنی هەموو كونسولخانە و نوێنەرایەتییە بازرگانی و سەربازی و كولتوورییەكان و یەكخستنیان لەگەڵ باڵوێزخانەكان. 

سێشەمی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دوای هەمواركردنەوەی، پڕۆیاسای بودجەی 2017ی رەوانەی پەرلەمان كرد، دوێنێ سەرۆكایەتی پەرلەمان گەیشتنی پڕۆژەكەی راگەیاند و ئەمڕۆ یەكەم خوێندنەوەی بۆ كرا، بەپێی پێشبینی لێژنەی دارایی پەرلەمانیش تاوتوێكردنی كەمتر لە مانگێكی پێویستە.

سەرچاوە: مەوازین نیوز


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل