ئێران: ئامادەین بۆ ناوەندگیری لە نێوان عێراق و توركیا

:: PM:03:52:24/10/2016 ‌

گەورە بەرپرسێكی ئێران هێرش دەكاتە سەر سعوودیە و دەڵێت كە دەستوەردانی لە مووسڵ دەبێتە هۆی رووخانی ناوبانگی لە ناوچەكە، ئەو ئامادەیی وڵاتەكەی دووپات دەكاتەوە لە بینینی رۆڵی ناوەند لە نێوان ئەنكەرە و بەغدا لەبارەی بوونی هێزەكانی توركیا لەسەر خاكی عێراق.

عەلی ئەكبەر ویلایەتی راوێژكاری رابەری شۆڕشی ئێران بۆ كاروباری نێودەوڵەتی و سەرۆكی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیجی لە دامەزراوەی دیاریكردنی بەژەوەندی رژێمی فەرمانڕەوایی ئێران ئەمڕۆ دووشەم رای گەیاند كە ناڕەزاییەكانی سعوودیە لەبارەی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستوەردانێكی راستەوخۆیە لە كاروباری عێراق.

زیاتر گوتی، ئەو پرسە بەهیچ شێوەیەك پێوەندی بە سعوودیەوە نییە و ئەوەی روو دەدات حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە پارێزگەیەكی خۆی ئازاد بكاتەوە دوای ئەوەی لەلایەن تیرۆریستان داگیر كرابوو كە بەشێكیان لە سعوودیە هاتوون، بۆیە ئەو كارەی سعوودیە وەك بەرزكردنەوەی تەورێك وایە كە ناوی ئەو وڵاتە و پێگەكەی لە ناوچەكە تێك دەشكێنێ.

لەبارەی رۆڵی توركیا لە رووداوەكانی عێراق، ویلایەتی رای گەیاند كە ئەگەر حكوومەتی توركیا بانگەشەی چوونی هێزەكانی بۆ عێراق لەسەر داوای حكوومەتی عێراق دەكات، ئەوە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاندووە كە داوای شتی وایان نەكردووە، بۆیە بوونی هێزەكانی توركیا لە عێراق نایاساییە و پێچەوانەی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكانە. 

هاوكات ویلایەتی ئامادەیی وڵاتەكەی پێشان دا بۆ بینینی رۆڵی ناوەندگیر لە نێوان توركیا و عێراق ئەگەر بۆ ئەو مەبەستە داوای لێ بكرێت، چونكە تاران پێوەندی باشی لەگەڵ هەردوولا هەیە. 

سەرچاوە: سی ئێن ئێن


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل