"وشه‌" جۆری ئه‌و چه‌كانه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ پێشمه‌رگه‌ی فرۆشتووه‌

:: PM:10:14:19/04/2017 ‌

ئاژانسی هاریكاری ئاسایشی بەرگری سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، وەزارەتی دەرەوە ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی چەك بۆ كۆماری عێراق دا، بۆ چەك و كەلوپەلی سەربازی دوو لیوای پیادەی پێشمەرگە و دوو كەتیبەی تۆپهاوێژ، كە بەهای چەكەكانیش دەگاتە 295.6 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكا, ئاژانسی هاریكاری ئاسایشی بەرگری ئەمەریكا بەڵگەنامەی پێویستی لەوبارەوە دوێنێ سێشەم بە كۆنگرێسی ئەمەریكا داوە.

ئاژانسەكە نووسیویەتی، چەك و كەلوپەلە سەربازییەكان بۆ پڕچەككردنی دوو لیوای پیادەی پێشمەرگە و دوو كەتیبەی تۆپهاوێژن، سەرجەمی ئەو هێزانەی پێشمەرگە كە ئەو بڕە چەكەیان پێ دەگەیەنرێت، سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن و حكوومەتی ناوەندیش ڕەزامەندی لەسەر ەئمە داوە.

لە بەشێكی تردا هاتووە, چەكەكان بریتین لەمانەی خوارەوە:
 - چوار هەزار و 400 چەكی جۆری M16A4.
 - 46 رەشاشی جۆری M2 50.
 - 186 ڕەشاشی تری جۆری M240B.
 - 36 هه‌مه‌ری جۆری هەمڤۆس M1151.
  - 77 موده‌ره‌عه‌ی جۆری هەمڤۆس M1151.
  - 12 مۆلیدەی سێ كیلۆوات.
  - جلی گولەنەبڕ.
  - كڵاوی سەربازی.
  - سێت جلی سەربازی.
  - چەكی بچووك و پاشكۆكانی.
  - هاوەن و كەلوپەلە سەربازییەكانی.
  - دووربین و كەلوپەلەكانی تری سەربازی.
  -كەلوپەلی خۆپاراستن لە چەكی كیمیایی و بایۆلۆجی و ئەتۆمی و تیشكدانەوەكان. 
  - سیستەمی چاودێری كردن و دیاری كردنی شوێن SPS.
 - كه‌لوپه‌لی پزیشكی.
 - ئۆتۆمبێلی تری جۆری سەربازی هەمڤۆس M1142.
 - ئۆتۆمبێلی ئاشكراكەری مین و كەمین MARP.
 - ئۆتۆمبێلی تری تاكتیكی بچووك و مام ناوەند، تانكەری ئاو و سوتەمەنی، ئۆتۆمبێلی فریاكەویت.
 - 36 تۆپهاوێژی 105 ملیمی جۆری M119A2.
 - ئەمەریكا لەسەر كۆی ئەو چەك و پێداویستییە سەربازیانەش مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە دەكات.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكە ئاژانسی هاریكاری ئاسایشی بەرگری سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا ئاماژەی داوە، كە ئەو چەك و پێداویستییە سەربازیانە پێویستن بۆ هاوسەنگی سەربازی لە ناوچەكە و بەشێكن لە بە دیهێنانی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، لەمیانەی هاریكاری عێراق لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش.

سه‌رچاوه‌/ ماڵپه‌ڕی ئاژانسی هاریكاری ئاسایشی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا.















وشە - باز ئه‌حمه‌د