دەزگەی خێرخوازیی بارزانی لە دابینكردنی هاوكارییەكانی بۆ خێزانە كەمدەرامەتەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و هاوكاری ٦٢ خێزانی هەریر دەكات، هەروەها بۆ رێزگرتن لە جەژنی چوارشەمە سورێی كوردانی ئێزیدی هاوكاری خۆراكی پێشكەشی ٨٠٠ خێزان ئاوارەی ئێزدی كرد.
ئەمڕۆ دەزگەكە درێژەی دا بەهەڵمەتی هاوكارییەكانی و لەو چوارچێوەیەدا هاوكاری گەیاندە ٦٢ خێزانی كەم دەرامەت لە هەریر، بەمەش لەماوەی دە رۆژدا كۆی هاوكارییەكانی بۆ خێزانە كەمدەرامەتەكانی سنووری هەرێمی كوردستان گەیشتە ١٦٨٧ خێزان.
دەزگەی خێرخوازیی بارزانی لە پارێزگای سڵێمانی و هەركام لە قەزاكانی قەرەداغ و مێرگەسوور و هەریر و شارەدێی بازیان لە ماوەی دە رۆژی رابردوودا هاوكاری خێزانە كەمدەرامەتەكانی كردووە و كۆی هاوكارییە خۆراكییەكان گەیشتووەتە ١٦٨٧ خێزانی كەمدەرامەت.
هەر ئەمڕۆ دەزگەی خێرخوازیی بارزانی بۆ رێزگرتن لە جەژنی چوارشەمە سورێی كوردانی ئێزدی هاوكاری خۆراكی پێشكەشی ٨٠٠ خێزان ئاوارەی ئێزدی كرد.
ئەمڕۆ چوارشەم جەژنی چوارشەمە سورێی كوردانی ئێزدییە و ئەم رۆژە پیرۆزییەكی تایبەتی لە دینی ئێزدیدا هەیە، لەم رۆژەدا تیمەكانی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی هەڵمەتێكی هاوكارییەكانیان بەمەبەستی رێزگرتن لە جەژنەی كوردانی ئێزدی بەڕێوە برد و لە هەڵمەتەكەدا ٨٠٠ كارتۆن خۆراكی وشك پێشكەشی ئاوارە كوردەكان لە سنووری سەرسنگ كرا.