"پەرلەمانی عێراق دژی ئەمەریكا بڕیار دەردەكات"

:: AM:09:31:20/04/2017 ‌

سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، لیژنەكەیان لە هەوڵی دەركردنی بڕیارێكی پەرلەمانیدایە بۆ ئەوەی ڕێگە لە بەشداریكردنی هەر هێزێكی ئەمەریكی بگرێت لە شەڕەكانی ئازادكردنی شارۆكەكانی ئەنبار لە دەستی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش.

حاكم زاملی سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، ئێستە نزیكەی هەزار سەربازی ئەمەریكی لە بنكەی (ئەلئەسەد) لە پارێزگای ئەنبار جێگیر كراون و بەنیازن بەشداری لە ئازادكردنەوەی شارەكانی عانە و ڕاوە و قائیمدا بكەن.

هەروەها گوتی، چ حكوومەت و چ پەرلەمان و چ فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكانیش، ڕێگە بە كارێكی وا نادەن، چونكە دەبێتە پێشێلكردنی سەروەریی عێراق و سووكایەتی بە هێزە سەربازییەكانی عێراق.

ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی عێراق "نینا" لە زاری حاكم زاملییەوە بڵاوی كردەوە، عێراق داوای هاوكاری هێزی زەوینی سەربازی لە هیچ وڵاتێك نەكردووە، تەنیا داوای هاوكاری لۆجستی و ئاسمانی و مەشق و ڕاهێنانی كردووە، بۆیە لیژنەكەمان ئەو بابەتە لە پەرلەمان دەجووڵێنێت و هەوڵی دەركردنی بڕیارێكی پەرلەمانی دەدات بۆ ڕێگەگرتن لە بەشداری ئەو هێزانە لە شەڕەكانی ئەنبار، هاوكات سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگریش دژی بەشداریكردنێكی وان.

جێگەی ئاماژەیە پێشتر سەرچاوەیەكی تەناهی ئاشكرای كردبوو سەدان سەربازی ئەمەریكی لە باكوری بەغداوە گەیشتوونەتە پارێزگای ئەنبار بەمەبەستی بەشداریكردن لە ئازادكردنەوەی شارۆكەكانی ڕاوە و عانە و قائیم كە لە ساڵی ۲۰۱٤وە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدان.


وشە - سیروان