ئێنریكی پێشبینی دۆڕانی بەرشەلۆنە بەرامبەر یۆڤانتۆس كردبوو


لویس ئێنریكی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە پێشبینی ماڵئاوایكردنیان لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا كردبوو دوای شكستە گەورەكەیان لە شاری تۆرینۆ بەرامبەر یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی.

شەوی رابردوو هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و یۆڤانتۆس لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 8ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بەبێ گۆڵ یەكسان بوون، لە یاریی چوونیشدا هەفتەی رابردوو یانە ئیتاڵییەكە لەنێو یاریگەی یۆڤانتۆس ئەرینا بە 3 گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەی بردبووەوە، بەمەش یانەی بەرشەلۆنە بەفەرمی لە قۆناغی 8 ماڵئاوایی لە خولەكە كرد.

دوای یارییەكە ئێنریكی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: لە یاریی چووندا لە شاری تۆرینۆ یارییەكی زۆر خراپمان كرد و ئەنجامەكەشی وای كرد ماڵئاوایی لە پاڵەوانیەتیی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بكەین.

هەرچەندە لە پاڵەوانیەتییەكە دەكران، بەڵام لویس ئێنریكی رایگەیاند كە لە یارییەكەی دوێنێدا لە ئاستی یاریزانەكانی رازی بوو و جەختیشی كردەوە كە بەلایەنی كەم شایستەی سەركەوتن بوون، لەمبارەیەوە گوتی: یاریزانەكانمان یارییەكی زۆر باشیان كرد، بەهەموو هێزێكەوە هێرشمان كردە سەر یانەی یۆڤانتۆس، ئەگەر راستگۆبین بەلایەنی كەم شایستەی سەركەوتن بووین لە یارییەكەدا.

راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە راشی گەیاند كە ئێستا ئامانجیان بەدەستهێنانی خولی پلە یەكی ئیسپانیایە، جەختیشی كردەوە كە ئەگەر هەفتەی داهاتوو لە یاریی كلاسیكۆدا لە یانەی ریال مەدرید ببەنەوە، ئەوا تاڕادەیەكی زۆر لە بەدەستهێنانی ئامانجەكەیان نزیك دەبنەوە.

ئێنركی گوتی: ئێستا ئامانجمان بووەتە خولی ئیسپانیا، هەفتەی داهاتووش رووبەڕووی یانەی ریال مەدریدی خاوەن ریزبەندی یەكەمی یانەكان دەبینەوە، ئاواتەخوازم لەو یارییەدا سەركەوتن بەدەست بێنین و لە ركابەریكردن لەسەر ناسناوەكە دوور نەكەوینەوە.

ئێنریكی كە بڕیاریداوە كۆتای ئەم وەرزە دەست لە ئەركی راهێنەرایەتیی یانەی بەرشەلۆنە هەڵبگرێت، رایگەیاند كە شانازی دەكات لەو یانەیەدا كاری كردووە و چەندان ناسناو و سەركەوتنی بۆ تیپەكە بەدەستهێناوە و بووەتە بەشێكی گرینگی مێژووی یانەكە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م


AM:09:34:20/04/2017




ئه‌م بابه‌ته 452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌