مبابی مێژووییەكی زێڕینی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بۆ خۆی نووسییەوە

:: AM:09:48:20/04/2017 ‌

كیلیان مبابی هێرشبەری لاوی یانەی مۆناكۆی فڕەنسی هاتە ریزی ئەو یاریزانانەی كە لە مێژووی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە هەر چوار یاریی قۆناغی دەركردنی یانە دۆڕاوەكان گۆڵ تۆمار بكات.

شەوی رابردوو یانەی مۆناكۆ لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 8ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەنێو یاریگە و جەماوەری بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی بردەوە.

یانەكە لە یاریی چوونیشدا هەفتەی رابردوو لە ئەڵمانیا بەئەنجامی 2-3 گۆڵ سەركەوتنی بەدەستهێنابوو، بەمەش یاریی چوون و هاتنی بە ئەنجامی 6-3 گۆڵ بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكۆتا هێنا و گەیشتە قۆناغی پێش كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.

لەسەرەتای یارییەكەی شەوی رابردوودا مبابی لە خولەكی 3 گۆڵی یەكەمی بۆ یانەی مۆناكۆ تۆمار كرد، ئەو هێرشبەرە لاوە لە یاریی رابردووشدا 2 گۆڵی تۆمار كردبوو.

مبابی /18 ساڵ/ هەروەها لە یاریی چوون و هاتنی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی مانچستەر سیتیی ئینگلیزی گۆڵی تۆمار كردبوو.

بەمەش مبابی بووە شەشەم یاریزان لە مێژووی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە هەر چوار یاریی قۆناغەكانی 16 و 8ی خولەكەدا گۆڵ تۆمار بكات، دوایین یاریزانیش كە ئەم مێژووە گەورەی بۆ خۆی تۆمار كردبوو دییگۆ كۆستا هێرشبەری ئەو كاتی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی بوو لە ساڵی 2014دا.

ئەگەر مبابی بتوانێ لە قۆناغی پێش كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاش گۆڵ تۆمار بكات، ئەوا مێژوویەكی زێڕین دەنووسێتەوە و دەبێتە یەكەم یاریزان لە هەرسێ قۆناغدا گۆڵ تۆمار بكات.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م