میسی و سوارێز و نیمار 180 خولەك گۆڵیان نەكرد.. لە یارییەكی تریشدا ئەمە روویدابوو

:: AM:10:03:20/04/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی شەوی رابردوو بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی یەكسان بوو، بەم ئەنجامەش لە قۆناغی 8ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دوورخرایەوە.

شەوی رابردوو هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و یۆڤانتۆس لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 8ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بەبێ گۆڵ یەكسان بوون، لە یاریی چوونیشدا هەفتەی رابردوو یانە ئیتاڵییەكە لەنێو یاریگەی یۆڤانتۆس ئەرینا بە 3 گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەی بردبووەوە، بەمەش یانەی بەرشەلۆنە بەفەرمی لە قۆناغی 8 ماڵئاوایی لە خولەكە كرد.

ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لە هەردوو یارییەكەدا ماوەی 180 خولەك هەرسێ هێرشبەرەكەی یانەی بەرشەلۆنە كە بە هێزترین هێڵی هێرشبردن لە جیهاندا دادەنرێن، نەیتوانی هیچ گۆڵێك تۆمار بكەن.

یانەی بەرشەلۆنە ئەمە دووەمجارە لە مێژووی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە یاریی چوون و هاتندا نەتوانێ گۆڵ تۆمار بكات، پێشتریش لە ساڵی 2013 تووشی هەمان دۆخ بەرامبەر یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی ببووەوە.

لەو ساڵەدا كە یانەی بایرن میونشن ناسناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای بردبووەوە، لە قۆناغی پێش كۆتاییدا لە یاریی چوون بە ئەنجامی 4 گۆڵی بێ بەرامبەر لە یانەی بەرشەلۆنەی بردبووەوە، لە یاریی گەڕانەوەشدا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە 3 گۆڵ یارییەكەی بردبووەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە هەرسێ هێرشبەرەكەی یانەی بەرشەلۆنە تەنیا لەم وەرزەدا لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا خاوەنی 92 گۆڵن كە 18 گۆڵیان لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا تۆمار كراون.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م