فەیسبووك بە هەلیكۆپتەر ئینتەرنێت دابین دەكات

:: AM:10:06:20/04/2017 ‌

كۆمپانیای فەیسبووك بڵاوی كردەوە، كار دەكات لەسەر پەرەپێدانی فڕۆكەی جۆری هەلیكۆپتەری بچووك كە دەتوانێ لە حاڵەتی نائاسایی و لە ناكاودا ئینتەرنێت بۆ هەر شوێنێك بیەوێ دابینی بكات.

لەمیانەی كۆنگرەی ساڵانەی فەیسبووك كە لە شاری سان خۆسیەی ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمەریكا بەڕێوە چوو، كۆمپانیای فەیسبووك ڕوونی كردەوە كە ئەو هەلیكۆپتەرە نوێیە، بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و پەلە، خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە هەر كاتێكی پێویست دابین دەكات و ناوی هەلیكۆپتەرە بچووكەكەش "تیزر تینا"یە.

ئەو جۆرە هەلیكۆپتەرە تەنیا بۆ حاڵەتی نائاسایی و لەناكاو كەڵكی لێ وەردەگیرێ، سوودی یەكجار زۆری بۆ بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت دەبێ، بەتایبەت لەو شوێنانەی گەمارۆ دەخرێتە سەر ئینتەرنێت، یان لە ناوچەیەك كە كارەساتی سروشتی تێیدا ڕوو دەدا.

لە میانەی كۆنگرەكەدا فەیسبووك ڕوونی نەكردووەتەوە كە خۆی بەردەوام دەبێ لە بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە هەلیكۆپتەرانە بە ڕێژەیەكی زۆر و بەرفرەوان، یان لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەو بوارە پێوەندی دەبەستێ تا ئەو جۆرە هەلیكۆپتەرانەی بۆ بەرهەم بهێنێت.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د