مانچستەر یونایتد گرێبەستی لەگەڵ ئەم یاریزانە كردووە

:: AM:10:24:20/04/2017 ‌

یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی تەواوی كارەكانی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ سێرجی ئۆریێ بەرگریكاری كۆتدیڤواری و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی بەكۆتا هێناوە.

رۆژنامەی (لیكیپ)ی فڕەنسی بڵاوی كردەوە: جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی لەگەڵ ئەو بەرگریكارە كۆتدیڤوارییە رێككەوتووە و وەرزی داهاتووش لە ریزی یانەی مانچستەر یونایتد لە هێڵی بەرگریی پشتی پێ دەبەستێ.

ئەمە لە كاتێكدایە كە مۆرینۆ لە ماوەی رابردوودا چەندانجار رەخنەی لە ئاستی هەرسێ بەگریكاری لای راستی یانەكەی ماتیۆ دارمیان، فێڵ جۆنز و كریس سمۆلینگ گرتبوو بەهۆی ئاستە خراپەكانیان لە یارییەكانی ئەم وەرزەدا.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە بەگرێبەستكردن لەگەڵ ئۆریێ، یانەی مانچستەر یونایتد بۆ وەرزی داهاتوو دەستبەرداری یەكێك یان دوو لە بەرگریكارەكانی لای راستی دەبێت.

بەگوێرەی سەرچاوەكە چاوەڕوان دەكرێ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەو بەرگریكارە 24 ساڵییە، بڕی 20 ملیۆن یۆرۆ لەسەر یانەی مانچستەر یونایتد بكەوێ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م