یاریی كلاسیكۆ.. بەرشەلۆنە 2-1 لە ریال مەدرید دەباتەوە

:: AM:10:38:20/04/2017 ‌

ئەستێرەیەكی پێشووی یانەی بەرشەلۆنە پێی وایە یانەكەی لە یاریی كلاسیكۆی هەفتەی داهاتوودا دەتوانێ لە یانەی ریال مەدریدی ركابەری بباتەوە.

یەكشەمی داهاتوو هەردوو یانەی ریال مەدرید و بەرشەلۆنە لە گەڕی 33ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

چاڤی هێرناندیزی ئەستێرە و كاپتنی پێشووی یانەی بەرشەلۆنە لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئارەزوو دەكەم یانەی بەرشەلۆنە لەو یارییەدا بباتەوە، هەروەها داوا دەكەم یاریزانانی یانەكەش بڕوایان بە سەركەوتنیان هەبێت.

زیاتر گوتی: بێگومان یارییەكی بەهێز و زەحمەت دەبێت بۆ هەردوو یانەكە، بەڵام پێموایە یارییەكە بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ بۆ بەرژەوەندی یانەی بەرشەلۆنە تەواو دەبێت.

چاڤی ئاشكراشی كرد كە ئەنجامی ئەو یارییە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا یەكلایی دەكاتەوە، پێشبینیش دەكەم یارییەكی زۆر خێرا و بەهێز بێت لەنێوان یاریزانانی هەردوو یانەكەدا.

لەو یارییەدا لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی بەهۆی سزای یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیاوە یاری ناكات، لەمبارەیەوە چاڤی گوتی: بێگومان ئامادەنەبوونی نیمار كاریگەرییەكی خراپ لەسەر یانەی بەرشەلۆنە جێدێڵێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەبیرمان نەچێت دوو گۆڵكاری ترمان دەمێنێت ئەوانیش لیۆنێل میسی و لویس سوارێزن.

جێی باسە ئێستا جیاوازی نێوان هەردوو یانەكە لە خولی ئیسپانیا تەنیا 3 خاڵە، یانەی ریال مەدرید بە 75 خاڵ لە ریزی یەكەمە و یانەی بەرشەلۆنەش 72 خاڵی هەیە، بەڵام یانەكەی یەكەم یارییەكی دواخراوی بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ ماوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م