ئەمڕۆ پاڵەوانی كوردستان ئاشكرا دەبێت
ئەمڕۆ سێشەم دوایین گەڕی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان بەڕێوە دەچێت و پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولەكەش یەكلایی دەبێتەوە.
یارییەكان سەعات 3ی دوای نێوەڕۆ ئەنجام دەدرێت و تێیدا هەرچوار یانەكەی كوردستان یاریی دەكەن، لە یاریی یەكەمدا لە شارۆكەی پیرمام هەردوو یانەی پێشمەرگەی هەولێر و كەركووك یاریی دەكەن، لە یاریگەی كەلاریش یانەكانی شێروانە و نەورۆز یاریی دەكەن.
یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان پێشتر رایگەیاندبوو كە یارییەكان بە چاودێری سەرۆك مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت، بەگوێرەی زانیارییەكانیش چاوەڕوان دەكرێ سەرۆكی هەرێم خۆی لە یارییەكەی نێوان پێشمەرگەی هەولێر و كەركووك لە پیرمام ئامادەبێت و مەڕاسیمی پاڵەوانیەتییەكە و خەڵاتەكانی باشترینەكانی كوردستان دابەش بكات.
هەریەك لە یانەكانی پێشمەرگەی هەولێر و كەركووك و نەورۆز هەلی بەدەستهێنانی ناسناوی ئەمساڵی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستانیان هەیە.
ئێستا ریزبەندی یانەكانی خولەكە بەمشێوەیە: پێشمەرگەی هەولێر 8 خاڵ، كەركووك 7 خاڵ، نەورۆز 6 خاڵ و شێروانەش 5 خاڵ.
واتە یانەی پێشمەرگەی هەولێر ئەگەر بەهەر ئەنجامێك لە یانەی كەركووك بباتەوە بەفەرمی دەبێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان.
یانەكە هەلێكی تریشی هەیە و ئەگەر لە یارییەكەدا یەكسان بێت، هەروەها لەبەرامبەریشدا یانەی نەورۆز بەرامبەر یانەی شێروانە بدۆڕێ یانیش یەكسان بێت، بەهەمان شێوە دەبێتە پاڵەوان.
بەڵام ئەگەر یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەرامبەر یانەی كەركوك بدۆڕێ، ئەوا ناسناوەكە لەدەست دەدات و پاڵەوانی خولەكە دەدرێت بە كەركووكییەكان.
یانەی نەورۆز تاكە هەلێكی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە پاڵەوان ئەویش ئەوەیە كە لە یارییەكەی بەرامبەر یانەی شێروانە سەركەوتن بەدەست بێنێ و هەروەها یارییەكەی نێوان یانەی پێشمەرگەی هەولێر و كەركووكیش بەیەكسانبوون تەواو بێت، واتە جگە لە یارییەكەی خۆی دەبێت چاوەڕێی ئەنجامی یارییەكەی تریش بكات.
كەركووكییەكان ئەوانیش تاكە هەلێكیان هەیە بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی وەرزەی خولەكە، ئەویش تەنیا سەركەوتنە بەسەر یانەی پێشمەرگەی هەولێر.
ئەوەی پەیوەندی بە یانەی شێروانە هەیە ئەوەیە كە ئەو یانەیە هیچ هەلێكی نییە بۆ بەدەستهێنانی خولی نایابی پێشمەرگەی كورستان، چونكە ئێستا لە ریزی كۆتای قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین دێت.
جێی باسە هەر دوای یارییەكان راستەوخۆ لە شارۆكەی پیرمام مەڕاسیمی كۆتای خولەكە بەڕێوە دەچێت و جامی پاڵەوانیەتییەكە دەدرێت بە یانەی براوە، هەروەها دواتریش خەڵات دەدرێت بە باشترینەكانی ئەم وەرزەی خولەكە كە هەریەك لە رەوا یووسف یاریزانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر بە باشترین یاریزان و دیار جومعە گۆڵپارێزی یانەی كەركووك بە باشترینەكان دیاری كراون.
وشە -
ئامانج ئهكرهم