ئەلڤێس چی بە نیمار گوتبوو؟

:: AM:11:58:20/04/2017 ‌

دانی ئەلڤێسی بەرگریكاری بەڕازیلی و یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی ئاشكرای كرد كە دڵگرانبووە بە دەركردنی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە قۆناغی 8ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.

شەوی رابردوو هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و یۆڤانتۆس لەنێو یاریگەی كامپ نوو لە قۆناغی 8ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەبێ گۆڵ یەكسان بوون، لە یاریی چوونیشدا هەفتەی رابردوو یانە ئیتاڵییەكە بە 3 گۆڵی بێ بەرامبەر یارییەكەی بردبووەوە، بەمەش یانەی بەرشەلۆنە ماڵئاوایی لە پاڵەوانیەتییەكە كرد.

ئەلڤێسی یاریزانی پێشووی یانەی بەرشەلۆنە و ئێستای یانەی یۆڤانتۆس بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: دەرچوونی یانەی بەرشەلۆنە لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دڵگرانی كردم، بەڵام لە هەمان كاتیشدا دڵخۆشبووم بە سەركەوتنی یانەكەم.

زیاتر گوتی: دووبارە گەڕانەوەم بۆ یاریگەی كامپ نوو یادگارییەكانی بێرهێنامەوە، هەروەها شادبوونەوەم بە هاوڕێ كۆنەكانم هەستێكی ناخۆشی پێ بەخشیم، بەڵام ئەوە یاریی تۆپی پێیە و خۆشی و ناخۆشی تێدایە.

لەیەكێك لە دیمەنەكاندا دوای یارییەكە ئەلڤێس باوەشی بە هاونیشتمانەكەی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنەدا كرد و لە ئامێزی گرت.

لەمبارەیەوە ئەلڤێس گوتی: بە نیمارم گوت ئەوە تۆپی پێیە و كاری ئێمەیە، پێشمگوت كە بەهیچ شێوەیەك ئارەزووم نەبووە یانەی بەرشەلۆنە دەربكەم و بەڵكو ئاواتەخوازبووم هەردوولامان بەیەكەوە سەربكەوین.

هەروەها گوتی: هەموو یاریزانێك بەرگری لە درێسی یانەكەی دەكات، نیمار نابێت دڵگران بێت، چونكە ئەوە تەنیا دۆڕانێكە و دەبێت بەردەوام بێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م