سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان به‌رامبه‌ر ته‌ناهیی میدیاكاران نائومێده‌
له‌ ماوه‌ی هه‌شت ساڵدا پێشێلكاری به‌رامبه‌ر هه‌زار رۆژنامه‌نووس كراوه‌

سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌بۆنه‌ی یادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، تیایدا نیگه‌رانی خۆی له‌ دۆخی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان پیشان ده‌دات و رای ده‌گه‌یه‌نێت، ئێسته‌یش له‌مپه‌ر و ئاسته‌نگ له‌ به‌رده‌م كاری میدیایی له‌ كوردستاندا هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 20ی نیسان/ئه‌پریل، سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ رێكه‌وتی رۆژی شه‌موو 22ی نیسانی له‌سه‌ره‌ به‌بۆنه‌ی 119یه‌مین ساڵیادی ده‌رچوونی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی، ئاماری ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2008ه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر به‌ زیاتر له‌ هه‌زار رۆژنامه‌نووس ئه‌نجام دراوه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ دراوه‌، هێشتا تیرۆری رۆژنامه‌نووسان وه‌ك مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر كار و گیانی رۆژنامه‌نووسانی كورد به‌رده‌وامه‌ و خه‌ریكه‌ له‌ حاڵه‌ته‌وه‌ ده‌بێت به‌ دیارده‌، ساڵانه‌ یه‌كێك له‌ هاوپیشه‌كانمان دیار نامێنێت و تیرۆر ده‌كرێت.


زیاتر روون كراوه‌ته‌وه‌، لێدان و سووكایه‌تی و رێگری به‌رامبه‌ر كه‌ناڵه‌كان و رۆژنامه‌نووسان به‌رده‌وامه‌ و ئاماره‌كان پێمان ده‌ڵێن، له‌ یه‌كی كانوونی دووه‌می ساڵی 2008ه‌وه‌ تا 30ی كانوونی یه‌كه‌می 2016، نزیكه‌ی 250 پێشێلكاری به‌رامبه‌ر به‌ زیاتر له‌ هه‌زار رۆژنامه‌نووس له‌ كه‌ناڵه‌ جیاجیاكان ئه‌نجام دراوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌س و لایه‌نێكی پێوه‌ندیدار سزا درابێت كه‌ ئه‌مه‌یش مایه‌ی نیگه‌رانی و نائومێدییه‌.


وشە - هیدایه‌ت جان


PM:02:38:20/04/2017




ئه‌م بابه‌ته 416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌