به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاروباری كوردانی ئێزیدی دوا ئاماری رزگاربووانی ده‌ستی رێكخراوی تیرۆریستی داعشی خسته روو و ئاشكرای كرد، 68 مه‌زار و شوێنی پیرۆزی كوردانی ئێزیدی له لایه‌ن داعشه‌وه ته‌قێندراونه‌ته‌وه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 20ی نیسان/ئه‌پریل، خه‌یری بۆزانی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كوردانی ئێزیدی له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی هه‌رێمی كوردستان، ئاماری قوربانییانی ئێزیدی به‌هۆی هێرشی داعشه‌وه خسته روو.
خه‌یری بۆزانی بۆ میدیاكان ئاشكرای كرد، ژماره‌ی كوردانی ئێزیدی له عێراق 550 هه‌زار كه‌سه و 360 هه‌زار كه‌سیان به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه ئاواره بوون و تا ئێسته هه‌زار و 293 كه‌سیشیان شه‌هید بوون.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، به هۆی شه‌ڕه‌وه، هه‌زار و 759 كه‌س باوكیان له ده‌ست داوه و 407 كه‌سیش دایكیان له ده‌ست داوه، هه‌روه‌ها 359 كه‌سیش دایك و باوكیان له ده‌ست داوه و تا ئێسته‌یش 220 منداڵ باوكیان له‌ژێر ده‌ستی داعشدایه، كۆی گشتیی ئه‌وانه‌ی بێ باوك بوون، دوو هه‌زار و 745 كه‌سن.
"ئه‌و گۆڕه به‌كۆمه‌ڵانه‌ی كه له شنگال دۆزراونه‌ته‌وه و ژماره‌یان 30 گۆڕه، جگه له سه‌دان گۆڕی تاكه‌كه‌سی، هاوكات 68 مه‌زار و شوێنی پیرۆزی كوردانی ئێزیدی له‌لایه‌ن داعشه‌وه ته‌قێندراونه‌ته‌وه". خه‌یری بۆزانی وای گوت.
دووپاتی ده‌كاته‌وه، داعش شه‌ش هه‌زار و 417 كوردی ئێزیدی رفاندبوو، دوو هه‌زار و 963 كه‌س رزگار كراون كه هه‌زار و 70یان ئافره‌ت و 331 كه‌سی تریان پیاون، هه‌روه‌ها 789 منداڵی ره‌گه‌زی مێن و 773 منداڵی تریش له ره‌گه‌زی نێرن، جگه‌له‌وه‌ش تا ئێسته سێ هه‌زار و 454 كه‌سی تر له ده‌ستی داعشدا ماون.