سه‌ندیكاى پزیشكانى كوردستان له‌باره‌ى كه‌یسى بڕینه‌وه‌ى ده‌ستى سه‌نا له شارۆكه‌ى ئاكرى، هه‌ڵوێستى خۆى راگه‌یاند و داواى كرد، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌زووترین كات راستى و دروستى ئه‌و حاڵه‌ت و رووداوه بخاته ڕوو و چیتر پزیشكان نه‌بنه قوربانى خراپى سیسته‌مى ته‌ندروستى له هه‌رێمى كوردستان.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 20ى نیسانى 2017، سه‌ندیكاى پزیشكانى كوردستان راگه‌یه‌نراوێكى بڵاو كرده‌وه و تێیدا هاتووه، پێویسته ته‌واوى لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان هه‌وڵ بده‌ن ئه‌و هێرشه ناڕه‌وا و چه‌واشه‌كارییانه‌ى به‌شێك له ده‌زگه‌كانى ڕاگه‌یاندن بۆ سه‌ر پزیشكانى كوردستان رابگرن، چونكه ناكرێت خراپى سیسته‌مى ته‌ندروستى و بێ كوالیتى ده‌رمان و خراپى نه‌خۆشخانه‌كان له‌سه‌ر پزیشكان هه‌ژمار بكرێت.
له ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه، داوا ده‌كه‌ین به‌پێى یاسا، داواكارى گشتیى هه‌رێمى كوردستان له‌وباره‌یه‌وه بێته ده‌نگ و كه‌رتى ته‌ندروستى وه‌ك سامانێكى نه‌ته‌وه‌یى ببینرێت.
ئه‌و به‌یاننامه‌ى سه‌ندیكاى پزیشكانى كوردستان، به‌شێكه له‌و كاردانه‌وانه‌ى به‌رامبه‌ر بڕینه‌وه‌ى ده‌ستى سه‌نا له هه‌رێمى كوردستان هه‌یه كه به‌هۆى هه‌ڵه‌یه‌كى پزیشكى، ڕۆژى 10ى نیسانى 2017 له نه‌خۆشخانه‌ى گوڵانى شارۆكه‌ى ئاكرێ رووی دا.