ئه‌میندارى گشتیى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زانیارى له‌باره‌ى بڕیاره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا ئاشكرا كرد و راى گه‌یاند، له‌و بڕه پاره‌ى كه بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌نێردرێت 100 ملیۆن دۆلاری بۆ پڕچه‌ككردنی دوو لیوای تری پێشمه‌رگه ته‌رخان ده‌كرێت.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 20ى نیسانى 2017 جه‌بار یاوه‌ر ئه‌میندارى گشتیى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به"وشه"ى راگه‌یاند، حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا بڕیاری داوه دوو لیوای پێشمه‌رگه به چه‌كی ئه‌مه‌ریكی له چه‌كی سووك تا چه‌كی قورس به هه‌موو ئامێره‌كانی گواستنه‌وه‌ی زرێپۆشی وه‌كو هێمڤی و ئێم راپس كه له شه‌ڕدا به‌كاردێن، پڕ چه‌ك بكات، به‌ڵام جارێ واده‌كه‌ى به‌ته‌واوى دیارى نه‌كراوه و چاوه‌ڕوانى ئاماده‌بوونى ئه‌وان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى بڕیاره‌كه جێبه‌جێ بكه‌ن.
زیاتر گوتى، ئه‌و هێزانه لیوای یه‌ك و دووی پیاده‌ن و مه‌شقیان ته‌واو كردوه، به‌ڵام جیا له‌وانه 200 ملیۆن دۆلار بۆ هاوكاریی هێزی پێشمه‌رگه ته‌رخان كراوه.
ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان راى گه‌یاند، له‌و بڕه‌ى كه بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌نێردرێت، 100 ملیۆن دۆلاری بۆ پڕچه‌ككردنی دوو لیوای تر ته‌رخان ده‌كرێت و كه‌ی پاره‌كه ئاماده ده‌كرێت بڕیار ده‌ده‌ین كه كام لیوایانه بگرێته‌وه.
جه‌بار یاوه‌ر ئاشكراى كرد، بڕیار دراوه پاره‌یه‌كی تریش ته‌رخان بكه‌ن بۆ سیسته‌می خواردن و سووته‌مه‌نی و شتی تر، ئه‌وه جگه له 415 ملیۆن دۆلاره‌كه‌ی تر كه بۆ مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌یه وبه‌رده‌وام ده‌نێردرێت.
ئه‌وه له‌كاتێكدایه شه‌وى رابردوو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕی له‌سه‌ر فرۆشتنی چه‌ك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی به به‌های 295.6 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق و به یه‌كه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كورد و تۆپهاوێژه‌كان، ده‌ربڕیوه.