فه‌رمانده‌ی كرده‌وه‌گه‌لی "قادیمون یا نه‌ینه‌وا"ی را ده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م دووه‌م گه‌ڕه‌كی تری به‌ری راستی مووسڵ‌یان له داعش ئازاد كردووه‌ته‌وه.
فه‌ریق رووكن عه‌بدولئه‌میر ره‌شید یاره‌ڵا فه‌رمانده‌ی كرده‌وه‌گه‌لی "قادیمون یا نه‌ینه‌وا" له به‌یاننامه‌یه‌كدا رای گه‌یاند كه هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عێراق توانیان گه‌ڕه‌كی نه‌سڕ له به‌ری راستی شاری مووسڵ ئازاد بكه‌نه‌وه.
ئازادكردنه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كی نه‌سڕ دوای ئازادكردنه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كی سه‌وره هات كه هه‌ر ئه‌مڕۆ ئازادكردنه‌وه‌ی هاته راگه‌یاندن.
هاوكات ئه‌مڕۆ شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگ رای گه‌یاند كه فڕۆكه‌كانی عێراق چه‌ند حه‌شارگه‌یه‌كی داعشیان له مووسڵ بۆردمان كردووه و ژماره‌یه‌ك چه‌كدارانی داعشیان كوشتووه و دوو كارگه‌ی دروستكردنی بۆمبی چێندراویشیان له شارۆكه‌ی ته‌له‌عفه‌ر له ر‌وژئاوای مووسڵ ته‌قاندووه‌ته‌وه.
له 17ی تشرینی یه‌كه‌می 2016 جه‌نگی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ ده‌ستی پێ كرد و تا 24ی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ توانرا نیوه‌ی چه‌پی شاره‌كه له داعش پاك بكرێته‌وه، له 19ی شوباتیش جه‌نگی ئازادكردنه‌وه‌ی به‌ری راستی شاره‌كه ده‌ستی پێ كرده‌وه و تا ئێسته جه‌نگه‌كه به سه‌ختی به‌رده‌وامه.
به‌ری راستی شاری مووسڵ له رووی رووبه‌ره‌وه له به‌ری چه‌پ بچووكتره و 40%ی رووبه‌ری شاره‌كه پێك دێنێت، به‌ڵام له رووی چڕی و ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه قه‌له‌باڵغتره و به‌پێی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نزیكه‌ی 800 هه‌زار كه‌س له‌و به‌ره‌ی شاره‌كه نیشته‌جێن، له‌و كاته‌ی سه‌رچاوه عێراقییه‌كان باس له 650 هه‌زار كه‌س ده‌كه‌ن.