"كه‌س بۆى نییه‌ پڕۆژه‌ى خۆى له‌ پڕۆژه‌ى كورد له‌ عێراق گه‌وره‌تر ببینێ"

:: PM:08:12:20/04/2017 ‌
دوای لێدوانی به‌رپرسانی شیعه‌ كه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ زۆرینه‌ی سیاسی باشترین شێوازی فه‌رمانڕه‌واییه‌ بۆ عێراقی داهاتوو، په‌رله‌مانتارێكی كورد راى ده‌گه‌یه‌نێت كه‌س بۆى نییه‌ پڕۆژه‌ى خۆى له‌ پڕۆژه‌ى كورد گه‌وره‌تر ببینى له‌ عێراقدا و هه‌ڵوێستى كورد روونه‌ و كه‌مینه‌ قبووڵ ناكات.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 20ى نیسانى 2017 ئه‌شواق جاف ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌"وشه‌"ى راگه‌یاند، سه‌رجه‌م سه‌رانى عێراق باش ده‌زانن كه‌ ده‌ستوورى عێراق مافى به‌كورد داوه‌ كه‌ سه‌ربه‌خۆى رابگه‌یه‌نێت و به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌ستوور یه‌كپارچه‌ى عێراق ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ جێبه‌جێكردنى ده‌ستووره‌كه‌، بۆیه‌ له‌كاتى جێبه‌جێ نه‌كردنى ده‌ستوور پێكهاته‌كان مافى خۆیان هه‌یه‌.

زیاتر گوتى، ئێسته‌ سه‌رانى به‌غدا دوو بژاره‌ ده‌خه‌نه‌ به‌رباس كه‌ عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی (شیعه‌) باسى زۆرینه‌ى نیشتمانیی و نووری مالیكى باسی زۆرینه‌ی سیاسی ده‌كات، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌بێت هه‌ڵبژێرین كه‌ چیمان ده‌وێت نه‌ك بسه‌پێنرێت به‌سه‌رماندا.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى كورد راى گه‌یاند، كاتى سه‌پاندن له‌ عێراقدا له‌گه‌ڵ سه‌دام حوسێندا رۆیشت و ئه‌مڕۆ له‌ عێراق ده‌ستوور هه‌یه‌ و هیچ سه‌پاندنێك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كورد وه‌ك ته‌واوكارى نیسابى یاسایى ببینرێت.

جاف ئاماژه‌ى دا كه‌ هیچ بژاره‌یه‌ك له‌ میلله‌ت به‌هێز تر نییه‌ و كه‌س بۆى نییه‌ پڕۆژه‌ى خۆى له‌ پڕۆژه‌ى كورد گه‌وره‌تر ببینى له‌ عێراقدا و هه‌ڵوێستى كورد روونه‌ و كه‌مینه‌ قبووڵ ناكات.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم