بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بڕیاری لەسەر
نۆژەنكردنەوەی مەزارگەی شاعیر و زانای كورد "مەولەوی" دا لە ناوچەی
تاوەگۆزی هەورامان
بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا کە
کۆپییەکی بۆ "وشە" نێردراوە، رای دەگەیەنێت، بڕیار لەسەر نوێژەنکردنەوەی
مەزارگەی شاعر و زانای کورد، مەولەوی تاوەگۆزی دراوە و لە ماوەی مانگێکدا
نوێژەنکردنەوەکە دەست پێ دەکات.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، بابەكر دڕەیی، بەڕێوەبەری
گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، بەیاوەری دكتۆر رەئوف عوسمان رووناكبیر و
سیاسەتمەدار و سوعاد بەڕێوەبەری بەشی پرۆژەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی، سەردانی
مەزارگەی شاعیرو زانای مەزنی كورد مەولەوی تاوەگۆزی-یان كرد لە گوندی سەرشاتە-ی
ناوچەی تاوەگۆزی.
زیاتر روون کراوەتەوە، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بڕیاری
دا هەرچی پێویست بێت لە ماوەی مانگی داهاتوو بۆ نۆژەنكردنەوە و پاراستنی گۆڕی ئەم
شاعیرە مەزنە لەو ناوچەیە بكرێت بۆ ئەوەی ببێتە مەزارگەیەك كە شایستەی ئەم زانا
گەورەیەی كورد بێت.
سەید عەبدولڕەحیمی كوڕی سەعید تاوەگۆزی 1806-1882 ناسراو بە مەولەوی كورد
شاعیر و سۆفیی تەریقەتی نەقشبەندی بوو كە بە شێوەزاری هەورامی هۆنراوەی داناوە و
لە شیعری ئەوین و دڵداری دا تواناییەکی لەڕادەبەدەری هەبوە.
لە ساڵی 1806لە گوندی
سەرشاتەی ناوچەی تاوگۆزی لەدایكبووە و لەساڵی 1882 كۆچی
دوایی کردوە و لە گۆڕستانی ئەسحابە لە سەرشاتە بەخاکیان ئەسپاردوە.
مەولەوی جگە لە زمانی كوردی، زمانی عەرەبی و فارسیشی باش زانیوە و بە
هەردووكیان شیعری نووسیوە. دیوانەكەی كە بە شێوەزاری ھەورامییە پلەیەكی بەرزی
لەنێو شێعر و ئەدەبی كوردیدا هەیە.
هیدایەت