ئامانجی کەنەکە جیاکردنەوەی شوناسی هەورامانە لە کوردستان

:: PM:03:59:21/04/2017 ‌


ماوەیەكە دەنگۆی سازدانی كۆنفرانسی هەورامان ناسی لە دەزگاكانی ڕاگەیاند و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لە ئارادایە ڕۆژی 20ی نیسان كۆنفرانسەكە سازدرا، بەڵام زۆرێك لە ڕۆشنبیران و كەسانی شارەزا و ئەكادیمی هەورامان بەشداری كۆنفرانسەكەیان نەكرد.

كارزان سەباح هەورامی، ڕۆژنامەنوس و چاودێری سیاسی لە لیدوانێکدا بۆ "وشە" رای دەگەیەنێت، ئەو كۆنفرانسە لە لایەن "كەنەكە" کۆنگرەی نەتەوەی کورد کە لەلایەن پەکەکەوە لە ساڵی 1999 دامەزراوە بەڕێوە چووە, ئامانجی لەم كۆنفرانسە جیاكردنەوەی هەورامانە لە هەرێمی كوردستان و دەیانەوێت هاوشێوەی كانتۆنی شنگال پلاتفۆrمی هەورامان دروست بكەن, ئەمەش دوای قسەكانی دۆران كاڵكان سەركردەی كەجەكە هات كە ساڵی 2014 ئاماژەی دا، ناكرێت لە وڵاتێكدا سۆرانی و بادینی پێكەوە هەڵبكەن.

زیاتر روونی دەکاتەوە، بیرۆكەی ئەم كۆنفرانسە لە قەندیلەوە هاتووە و كاڵكان سەرپەرشتی بیرۆكەكەی كردووە، ئەو دەستەی كە كۆنفرانسەكەیان رێک خستووە ئاگاداری وردەكارییەکان نەبوون و تەنیا چەند كەسێكی كەم ئاگاداری وردەكاری كۆنفراسنەكە بوون چونكە لەناو كۆنگرەكە چەند بابەتیک فەرزكرا كە پێشووتر باسی نەكرابوو، دەیانەوێت لەو رێگایەوە هەورامان لە هەرێمی کوردستان جیا بكەنەوە .

عەزیز رەسوڵ، نووسەر و چالاكی مەدەنی هەورامان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "وشە" دووپاتی دەکاتەوە، كۆنفرانسی هەورامان ناسی لە لایەن پەكەكەوە ئەنجام دراوە، مەبەستی تری لە پشتە نەك ئەوەی مەبەستی خزمەت كردن بێت بە هەورامان و هەورامیەكان و كار بۆ هەورامیەكان بكات.

وەک هێمای بۆ دەکات، هەر لەبەر ئەوەی كە مەبەستی سیاسی لەپشت ئەم كارەوەیە دەبینین زۆربەی ڕۆشنبیران و خەڵكی ئەكادیمی و نووسەرانی هەورامان ئامادەی كۆنفرانسەكە نەبون و بایكۆتی كۆنفرانسەكەیان كردوە هاوکات بەرپرسانی حزبی و حكومی ناوچەكەش بایكۆتی كۆنفرانسەكەیان كردووە و ئامادەی نەبوون.

نامیق هەورامی ڕۆشنبیر و شارەزا لە زمان و كولتووری هەورامان بۆ "وشە" ئاشکرای دەکات، وەك خۆیان ئاماژەیان پێداوە ئەو كۆنفرانسە بە پشتیوانی كەنەكە ئەنجام دراوە، كەنەكەش سەربە پەكەكەیە، بۆیە بەداخەوە لەم كارەدا دەبینرێت دەستی حیزب و سیاسەتی تیادایە و سنووری چالاكی ئەو رێكخراو و حیزبەش باشووری كوردستان نیە.

زیاتر دەڵێ، لەسنوری هەڵەبجە داوایان كردووە لە قوتابخانە وانەیەك بە زمانی هەورامی بخوێندرێت، بێ ئاگا لەوەی كە چوار ساڵ پێش ئیستە مەڵبەندی ڕۆشنبیری هەورامان و ڕێخكراوی هەورام بۆ زمان و كولتوور لە دوو كاتی جیا و لە دوو پرۆژەدا پێشكەشی پەرلەمانی كوردستانمان كرد هەتا پرۆژەكەی ئێمە وەك ڕێكخراوی گەیشتووەتە ڕێكخراوی یونسكۆ بۆ ئەوەی هاوكاری حكومەتی هەرێم بكات لە لەچاپدانی ئەو كتێبە هەورامیە بەڵام ئەمڕۆ ئەوان داوای دەكەن، هەر كارێك خزمەتی كورد و نیشتیمانەكەم بكات پێی دڵخۆش دەبم، بەڵام لەگەڵ ئەوە نیم كە لەگەڵ واقیعی خەڵك نەگونجێت.

وشە/شەفیق بانیشاری


 

 

 



وشە - هیدایه‌ت جان