توندوتیژی دژ بە پیاوانی كوردستان هەڵكشاوە

:: AM:10:05:08/10/2016 ‌
لە ماوەی هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵ، زیاتر لە 360 پیاو توندوتیژییان بەرامبەر كراوە، یەكێتیی پیاوانیش دەڵێت، زۆرترین ئەوانەی كە توندوتیژییان بەرامبەر كراوە لە لایەن ژنەكانیانەوە بووە.

بەپێی ئامارێكی یەكێتیی پیاوانی كوردستان كە وێنەیەكی بە "وشە" دراوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا كۆتای مانگی ئابی 2016، ئەو پیاوانەی لە لایەن هاوسەرەكانیانەوە توندوتیژییان بەرامبەر كراوە، زیاتر لە 363 حاڵەت بووە و 43 پیاویش خۆیان كوشتووە، ئەوەش زۆرترین حاڵەت بووە لە چاو ساڵانی ڕابردوو.

ئامارەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، هەر لەو ماوەیەدا شەش پیاو لە لایەن ژنەكانیانەوە بە هاوكاری كەسانی تر كوژراون، لە كاتێكدا ساڵانی ڕابردوو ئەو حاڵەتانە زۆر كەم بووە.

بەپێی ئامارەكە لە ماوەی ساڵی رابردوو/2015 لە هەرسێ پارێزگای هەرێمی كوردستان، 526 سكاڵا لە لایەن پیاوانەوە دژی ژنان تۆمار كراوە. هەر لەو ساڵەدا 67 پیاو خۆیان كوشتووە و  زۆرترین كوشتنیش لە هەولێر و سلێمانی بووە، لە دهۆك ڕێژەی خۆكوشتنی پیاو كەمترە، لەگەڵ ئەوەش لەو ساڵەدا شەش پیاو لە لایەن ژنانەوە بە هاوكاری كەسانی تر كوژراون، زۆرترین ڕێژەی سكاڵاش لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە.

ئاكۆ حەمەد، لێپرسراوی بەشی یاسا لە یەكێتیی پیاوانی كوردستان-لقی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ساڵ بە ساڵ توندتیژی دژ بە پیاوان زیاد دەكات و ساڵی 2016 تا كۆتای مانگی ئەیلوول زۆۆترین حاڵەت تۆمار كراوە، توندوتیژییەكەش زیاتر ئیستغلالكردنی لایەنی مادی پیاوەكەیە لە لایەن ژنەكەیەوە، لە ڕووی بەناوكردنی زەوی و خانوو و ئۆتۆمبێل و هەر شتێكی تر.

ئەو دەڵێ‌، "بۆ ئەوەی ژنان پیاوەكان ببەستنەوە و كۆنتڕۆڵیان بكەن، زۆر لە پیاوان دەكەن تا شتە مادییەكانی وەك ئۆتۆمبێل و ماڵ و موڵكەكانیان بەناوی ژنەكانەوە بكەن، دواتریش كێشە بۆ پیاوەكان دروست دەكەن و لە ماڵی دەریان دەكەن، ئەوەش دەبێتە هۆكار بۆ جیابوونەوەی نێوان ژن و مێرد".

بەرپرسەكەی یەكێتیی پیاوانی كوردستان زیاتر دەڵێ‌، "قۆرغكردنی لایەنە مادییەكان لە لایەن ژنانەوە ڕێگە خۆشكەرە بۆ ئەوەی ئەگەر ژن هەركاتێك هەڵەیەكی كرد، پیاوەكە توانای ئەوەی نەبێت لێپرسینەوە لە ژنەكە بكات و ئەو شتانە وەك كارتێكی فشار بەرامبەر بە پیاوەكە بەكاری دێنێت".

ئەوەشی خستە ڕوو، "پیاو هەبووە سكاڵای تۆمار كردووە، هەرچی شتی هەبووە كردوویەتی بە ناوی ژنەكەی، تەنیا جلەكانی بەری هی خۆی بووە و بێبەش كراوە لە هەر شتێكی مادی، حاڵەتیش هەیە، لە لایەن براوە بەرامبەر بە باوك یان برا بەرامبەر بە برا كردوویەتی و هەرچی لایەنی مادی هەبووە لێی زەوت كردووە".

یەكێك لەو حاڵەتە توندوتیژییانەی كە لە لایەن ژنانەوە بەرامبەر بە پیاو كراوە، گەنجێك كە ماوەی دوو ساڵە ژنی هێناوە، خانوو و ئۆتۆمبێلەكەی پێشتر بە ناوی ژنەكەیەوە كردووە، دواتر ژنەكە لە ماڵ دەری كردووە و توندوتیژی بەرامبەر كردووە. ئەو دەڵێ، "ژنەكەم بە ناوی باوك و براكەیەوە هەڕەشەی لێ كردووم".

ئەو كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بۆ "وشە" گوتی، "هاوسەرەكەمم خۆش ویستووە و دوو ساڵە ژیانی هاوسەریمان پێك هێناوە، بەڵام ژنەكەم لە ژێرەوە ئیشی بۆ ئەوە كردووە تا من شتەكانی بە ناو بكەم، دواتر لە ماڵ دەركردم و هەڕەشەی لێ كردم".
ئەوەش دەخاتە ڕوو، "لە ڕێگەی یاساوە سكاڵام لەسەر ژنەكەم تۆمار كردووە بەوەی ئامادەم لەگەڵی جیا ببمەوە و هیچ لەو شتانەشم ناوێت كە بەناویم كردووە".

وشە/ سلێمانی-هۆشیار عەلی


وشە - وشه‌