كلاسیكۆ.. كێ لە شوێنی نیمار یاریی دەكات؟

:: AM:10:25:22/04/2017 ‌

لویس ئێنریكی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە بەدوورخستنەوەی ئەستێرە بەڕازیلییەكەی نیمار دا سیلڤا لە یاریی كلاسیكۆی سبەیدا تووشی كێشەی گەورە دەبێتەوە و ناچار دەبێت یەكێك لە یاریزانە یەدەگەكانی یاریی پێ بكات.

دوێنێ هەینی دادگای ناودەوڵەتی وەرزشی داوای یانەی بەرشەلۆنەی رەت كردەوە سەبارەت بە سووككردنی سزای نیمار، رۆژێك پێشتریش یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بەهەمانشێوە رەتی كردبووەوە سزاكەی راگرتنی ئەو یاریزانە لە 3 یارییەوە كەم بكاتەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنە سبەی یەكشەم گرینگترین یاریی ئەم وەرزەی هەیە ئەویش یاریی كلاسیكۆی گەڕی 33ی خولی ئیسپانیایە بەرامبەر یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، هەروەك یانەكە رایگەیاندبوو ئەنجامی ئەم یارییە چارەنووسی ئەمساڵی خولی ئیسپانیا یەكلایی دەكاتەوە.

ئێنریكی لەو یارییەدا ناچار دەبێت لە شوێنی نیمار پشت بە پاكۆ ئەلكاسێری هێرشبەر ببەستێ، هەروەك لە یارییەكەی هەفتەی رابردوو بەرامبەر یانەی ریال سۆسیداد پشتی پێ بەستبوو.

هاندەرانی یانەی بەرشەلۆنە پێیانوایە پاكۆ ناتوانێ شوێنی نیمار پڕ بكاتەوە بە پشتبەستن بەو ئاستە خراپانەی لە یارییەكانی رابردووی یانەكەدا پێشكەشی كردووە.

پاكۆ تا ئێستا بەخراپترین گرێبەستی یانەی بەرشەلۆنە دادەنرێ كە لە وەرزی ئەمساڵدا یانەكە ئەنجامی داوە، ئەو هێرشبەرە بەشداریی لە 23 یاریی یانەكەدا كردووە و لە كۆی گشتیش تەنیا 5 گۆڵی تۆمار كردووە.

ئێنریكی باش دەزانێ لە یارییەكی گەورەی بە قەبارەی كلاسیكۆ ناتوانێ پشت بە پاكۆ ببەستێ، بەڵام هیچ چارەسەرێكی تری نییە بەهۆی پێكانی یاریزانەكانی ترییەوە وەك رافینیا و ئەردا تۆران و ئاستنزمی ئەندرێ گۆمێز.

یانەی بەرشەلۆنە ئێستا بەكۆكردنەوەی 72 خاڵ لە ریزی دووەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا دێت و یانەی ریال مەدریدیش بە 75 خاڵ لە ریزی یەكەمە، ئەمە لەكاتێكدایە كە یانەكەی دووەم یارییەكی دواخراویشی بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ ماوە و بەگشتی یارییەكانی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا بۆ هەردوو یانەكە جگە لە یارییەكەی سێلتا فیگۆ 6 یاری ماوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م