حه‌شدی شه‌عبی ئاڵای كوردستانی له‌سه‌ر مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی هێنایه خواره‌وه
ئه‌مڕۆ شه‌موو سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت له شاره‌دێی به‌رتله‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی مووسڵ ئاشكرای كرد، لیوای 30ی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی ئاڵای كوردستانیان له‌سه‌ر باره‌گه‌ی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی مووسڵی یه‌كێتی هێناوه‌ته خواره‌وه.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، مه‌ڵبه‌ندی مووسڵی یه‌كێتی دوای ڕزگاركردنی شاره‌دێی به‌رتله باره‌گه‌ی خۆیان له شاره‌دێكه كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام هێزێكی لیوای 30ی حه‌شدی شه‌عبی كه حه‌نین قه‌دۆ سه‌رپه‌رشتیان ده‌كات، هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر باره‌گه‌ی مه‌ڵبه‌ندی مووسڵی یه‌كێتی و ئاڵای كوردستانیان هێناوه‌ته خواره‌وه.
سه‌رچاوه‌كه دووپاتی كرده‌وه، له سه‌ر مه‌ڵبه‌ندی مووسڵ ئاڵای كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌بووه، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ئاڵای كوردستان هێنراوه‌ته خواره‌وه و ئێسته ته‌نیا ئاڵای یه‌كێتی ماوه‌ته‌وه.
كه‌مێك پێش ئێسته مسته‌فا چاوڕه‌ش فه‌رمانده له هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌وباره‌وه بۆ "وشه" دووپاتی كرده‌وه، كه هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بێ ڕه‌وشتن و پێویسته كورد یه‌كگرتوو بێ و پلان و به‌رنامه بۆ دوای داعش و دوای ڕزگاری مووسڵ دابنێ، چونكه ئه‌وانه‌ی به‌و عه‌قله‌یه‌ته بیر ده‌كه‌نه‌وه له داهاتوو كێشه دروست ده‌كه‌ن.
وشە -
باز ئه‌حمه‌د