شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی جه‌نگی سوپای عێراق له چوارچێوه‌ی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی به‌ری ڕاستی شاری مووسڵ، ئازادكردنه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كێكی تری ڕاگه‌یاند.
شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی جه‌نگی سوپای عێراق له زاری فه‌ریق روكن عه‌بدولئه‌میر یاره‌ڵا، فه‌رمانده‌ی پرۆسه‌ی (قادمون یا نینوی) ئه‌مڕۆ شه‌موو بڵاوی كرده‌وه، هێزه‌كانی دژه تیرۆری عێراق توانیویانه ئه‌م به‌یانییه گه‌ڕه‌كی (ته‌ندروستی دووه‌م) له‌به‌ری ڕاستی شاری مووسڵ ڕزگار بكه‌ن.
یاره‌ڵا ئاماژه‌ی داوه كه زیانێكی زۆریشیان له چه‌كدارانی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش داوه.
له 17ی تشرینی یه‌كه‌می 2016 جه‌نگی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ ده‌ستی پێ كرد، ئه‌ویش پاش ئه‌وه‌ی داعش له حوزه‌یرانی ۲۰۱٤ ته‌واوی شاره‌كه‌ی داگیر كرد، هاوكات له 24ی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ توانرا ته‌واوی به‌ری چه‌پی شاره‌كه له داعش پاك بكرێته‌وه، له 19ی شوباتیش جه‌نگی ئازادكردنه‌وه‌ی به‌ری راستی شاره‌كه ده‌ستی پێ كردووه و تا ئێسته جه‌نگه‌كه به سه‌ختی به‌رده‌وامی هه‌یه و چه‌ندان گه‌ڕه‌ك كۆنترۆڵ كراونه‌ته‌وه، هاوكات ناوه‌ندی مووسڵی كۆن و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی كه‌م به‌ده‌ستی داعشه‌وه ماون