یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌: هاتنه‌ ژووره‌وە بۆ گه‌وره‌كان قه‌ده‌غه‌یه‌

:: PM:03:49:22/04/2017 ‌
له‌ شاری به‌یرووت له‌ لبنان، یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌ی تایبه‌ت به‌ نه‌وجه‌وانانی ته‌مه‌ن نێوان 12 تا 18 ساڵ كرایه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش به‌ یه‌كه‌م پڕۆژه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

كردنه‌وه‌ی ئه‌و یانه‌یه‌، دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ دایك و باوكان داوای كردنه‌وه‌ی شوێنێكی سه‌لامه‌تیان كرد بۆ كات به‌سه‌ربردنی منداڵه‌كانیان، دوور له‌ كه‌سانی ته‌مه‌ن گه‌وره‌ و ره‌فتاره‌كانیان، تا له‌ رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ فێری جگه‌ره‌كێشان و خواردنه‌وه‌ نه‌بن.

ئه‌و یانه‌یه‌ خاوه‌نی چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی جیاوازه‌ له‌ یانه‌ شه‌وانه‌ ئاسایییه‌كان، كه‌ بریتین له‌ رێكخستنی ژماره‌یه‌ك ئاهه‌نگی سه‌ما و گۆرانی له‌ رۆژانی پشووی خوێندن و قوتابخانه‌، له‌گه‌ڵ موزیك، سه‌ما، خواردن و خواردنه‌وه‌ی جۆراوجۆری بێ كهوول.

یانه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی وا دیزاین كراوه‌، به‌ ته‌واوی هاوشێوه‌ی یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌ بێت، له‌ رووی موزیك، رووناكی و دیكۆره‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ تێركردنی ئاره‌زووی چوونی نه‌وجه‌وانان بۆ یانه‌ی شه‌وانه‌، رووبه‌ره‌كه‌شی جێگه‌ی 300 كه‌سی تێدا ده‌بێته‌وه‌.

ستافێكی پسپۆڕ و تایبه‌تمه‌ند به‌ ره‌فتار و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ نه‌وجه‌وانان، سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كانی یانه‌كه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ دابینكردنی ستافی تایبه‌ت به‌ خزمه‌تگوزاری و ته‌ناهی.


سه‌رچاوه‌/ سپوتنیك



وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی