بۆ 100 ڕۆژی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەی ترەمپ ئاهەنگ دەگێڕێت

:: AM:09:16:23/04/2017 ‌

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە بۆنەی تێپەڕینی 100 ڕۆژ بەسەر وادەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، بڕیارە ئاهەنگێكی گەورەی جەماوەری ساز بكات.

ترەمپ ڕۆژی 20 كانوونی دووەم/یەنایەری ئەمساڵ لە ڕێوڕەسمێكی تایبەت بە ئامادەبوونی سەرۆكەكانی پێشووی ئەمەریكا و بەرپرسانی باڵای وڵات، بەشێوەیەكی فەرمی سوێندی یاسایی خوارد و وەك 45ەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەستبەكار بوو.

ڕۆژی 29ی ئەم مانگە نیسان/ئەپریل كە دەكاتە شەمووی داهاتوو، 100 ڕۆژ بەسەر حوكمی ئەمەریكا لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە تێپەڕ دەبێت.

لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، دۆناڵد ترەمپ ئاشكرای كرد، هەفتەی داهاتوو گردبوونەوەیەكی جەماوەری گەورە لە پەنسلڤانیا ڕێك دەخەین.

لە ماوەی 100 ڕۆژی یەكەمی سەرۆكایەتیی ترەمپ، ناوبراو دەستی بە هەنگاونان بۆ جێبەجێكردنی چەندان بەڵێن كرد، بەڵام لە زۆرێكیان شكستی هێنا، گرنگترینیان پرسی ڕێگری لە چوونی هاووڵاتییانی حەوت وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو بۆ ئەمەریكا، بەڵام داواكاری گشتیی ئەمەریكا لەسەر ئەم بڕیارە دۆسیەی جووڵاند و دادگای فیدراڵیش بڕیارەكەی ترەمپی ڕەت كردەوە، جگەلەوەش پرسی بنیادنانی دیوارێكی بەرز لە سنووری نێوان مەكسیك و ئەمەریكا تا ئێستە نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی تەندروستی "ئۆباما كەیر" و چەند پرسێكی تریش كە ترەمپ بەڵێنی دا بوو لە 100 ڕۆژی یەكەمی دەسەڵات گۆڕانكارییان تێدا بكات، بەڵام نەیتوانیوە سەركەوتوو بێ، بەپێچەوانەوەی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا، ترەمپ توانیویەتی شكۆی ئەمەریكا بگەڕێنێتەوە، بەتایبەت دوای پێنج ساڵ بێ دەنگیی ئەمەریكا لە پرسی سووریا، ناوبراو ڕۆژی هەینی حەوتی نیسان/ئەپریل فەرمانی مووشەكبارانی بنكەیەكی سەربازی ڕژێمی ئەسەدی دا و بەو هۆیەوە 59 مووشەكی تۆماهۆكی ئەمەریكی ئاراستەی ئەو بنكە سەربازییەی سووریا كرا، ئەمەش بە یەكەم هەنگاوی كردەیی دێ لەلایەن واشنتنەوە دژی ڕژێمی بەعسی سووریا.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د