حكوومەتی كۆریای باكور هۆشدارییەكی توندی دایە واشنتن و ئاشكرای كرد، ئەمەریكا لەسەر گۆی زەوی دەسڕێتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێ، واشنتن پلانی داناوە بۆ هێرشكردنە سەر كۆریای باكور لە ڕێی چەكی كیمیایییەوە بۆ لەناوبردنی پیۆنگیانگ.
كۆریای باكور ئاشكرای كرد، زانیاری و بەڵگەی تەواومان پێ گەیشتووە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا چەكی كیمیایی هێناوەتە كۆریای باشوور بە ئامانجی ئامادەكاری بۆ جەنگ.
ڕۆژنامەی "زەمیرەر"ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە، كە كۆریای باكور هێما بۆ ئەوە دەكات، ئەمەریكا دەیەوێ كارەساتێك بخوڵقێنێت كە تا ئێستە كارەساتی لەو شێوەیە ڕووی نەداوە.
هاوكات میدیاكانی دنیا ئاماژە بەوە دەكەن، كە كۆریای باكور دەستەوەستان نابێ لەسەر جموجۆڵەكانی ئەمەریكا بە ئامانجی ورووژاندنی جەنگێكی بایۆكیمیایی لە دژیدا، بۆیە بەرپرسانی پیۆنگیانگ هەڕەش دەكەن و ئاماژە بە سڕینەوەی ئەمەریكا لەسەر گۆی زەوی دەدەن.
هەروەها دەڵێن، پێویستە ئەمەریكا هۆشدارییەكانی كۆریای باكور پەراوێز نەخات، چونكە جموجۆڵە سەربازییەكانی دەبێتە هۆی ئەوەی پیۆنگیانگیش جووڵە بكات و ئەمەش كارەساتێكی گەورەی لێ دەكەوێتەوە.
جێی باسە كۆریای باكور بەردەوام هەڕەشەی سڕینەوەی ژاپۆن و كۆریای باشوور و ئەمەریكا دەكات و بەهیچ شێوەیەك دوودڵ نییە لە دوژمنایەتیی ئەو وڵاتانە، ئەمەش دوای ئەوە دێ لە ماوەی ڕابردوودا لە تاقیكردنەوەی مووشەكێكی بالیستی شكستی هێنا.