فەریدوون هەولێری: مەرجی گۆرانیی سەركەوتوو لە هۆنراوەی نەمر و ئاوازێكی ڕەسەندایە

:: AM:10:07:08/10/2016 ‌
 فەرەیدوون هەولێری كە گۆرانیبێژێكی كوردە، هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەری كوردی بووە و هەموو كات هەوڵی دەدا لە قوتابخانە گۆرانی بڵێت. زۆر جاریش خاڵی هانی دەدا و پاڵپشتی دەكرد. لە ساڵی 1987 ڕووی لە شاخ كرد، خەباتی چەكداری و خۆشەویستی خاك زیاتر هونەری لا گەورە كرد. دوای قۆناغی شاخ، ئاوارەیی زیاتر هانی دا بچێتە ناو كاری هونەری  و یەكەم كاری هونەریشی لە ساڵی 1994 بوو لە پاكستان. بەڵام لەبەر چەند هۆیەكی تایبەتی خۆی بڵاوی نەكردەوە. دوای ئەوەی ڕووی لە ئوسترالیا كرد، لە ساڵی 2002 بەرهەمێكی تری بڵاو كردەوە بەناوی (جێم مەهێلە)، لە 2003 یشدا بەرهەمێكی تری بە ناوی (ئاشنا) بڵاو كردەوە و ماوەیەكی زۆریش بەهۆی نەخۆشییەوە بێدەنگ بووە، پاشان چەند گۆرانییەكی تری بڵاو كردەوە. "وشە" لەم دیمانەیەدا چەند پرسیارێكی رووبەڕو كردەوە.

* بەڕای هونەرمەند فەرەیدوون هەولێری، ئەزموونی ئەمڕۆی گۆرانی كوردی لە چی ئاستێكدایە؟ یان ئەم قۆناغە تا كوێ دەچێت؟
- ئەمڕۆ گۆرانی كوردی لە ڕووی موزیكەوە زۆر پێشكەوتووە، ئێمەی كورد ئێستە موزكژەنی زۆر باش و بەتوانامان هەیە و ئاستیان هیچی كەمتر نییە لە ئاستی موزیكژەنانی دنیا. بەڵام خاڵێكی تری نەرێنی هەیە كە شێواندنی هونەری گۆرانی كوردییە و مۆركی نەتەوەیی بەرەو كاڵبوونەوە دەچێت. بۆیە وای دەبینم گۆرانیی كوردی زۆر شێواوە و تووشی ئەنفالی هونەری بێگانە بووە. هەندێك لە گەنجان وا دەزانن پێشكەوتن لە هونەری گۆرانیگوتندا بریتییە لە لاساییكردنەوە. بەشێك لە گۆرانییەكان پڕن لە موزیكی عەرەبی، توركی و فارسی. ئێمە قەدری بەها و جوانیی خۆمان ناگرین.

* ئەی بەڕای تۆ مەرجی سەرەكیی گۆرانییەكی نەمر چییە، لە كاتێكدا ئەمڕۆ زیاتر لە ئاواز و هۆنراوە گرینگی بەكلیپ دەدرێت؟
- مەرجی گۆرانییەكی سەركەوتوو، سەرەتا لە هۆنراوەیەكی نەمردایە و دواتریش لە ئاوازێكی ڕەسەن. بەڵام نابێت دەنگخۆشی هونەرمەندەكەیش لە بیر بكەین كە دەبێت بە هەستێكی قووڵ و عاشقانە وشەكانی بچڕێت. دواتر كلیپە، نەك لە سەرەتاوە بیر لە كلیپ بكەینەوە. پێم وانییە هەموو شتێكی خراپ كلیپ بتوانێ دایپۆشێت. من ناڵێم هەموو كلیپێكی كوردی خراپە، بەڵام هەندێ كلیپ هەیە نە لە ماناكەی تێدەگەیت و نە لەگەڵ گۆرانییەكەش یەكتر دەگرنەوە، ئێمە لە ڕووی سیناریۆوە لاوازین و پێویستە سیستەمی كلیپمان بگۆڕین.

* تۆ ماوەیەكی زۆرە بێدەنگی؟ هەم لە راگەیاندنەكان دوورەپەرێزی و هاوكات ماوەیەكە كاری نوێتمان نەبینیوە، ئایا چیت لە هەگبەدایە؟
- خۆم حەزم لە زۆر دەركەوتن نییە و زیاتر حەزم لە دوورەپەرێزییە، دیارە سروشت و كەسایەتیی من وایە. بەڵام بێدەنگی من زۆر شت دەگرێتەوە، یەك لەو شتانە ئەوەیە هەموو كاری هونەریم لەسەر ئەستۆی خۆم دەكەم و تا ئێستە هیچ لایەنێك یان ڕێكخراوێك یا حكوومەت هاوكارییان نەكردووم، نانی دەمی خۆم و منداڵم كەم كردووەتەوە بۆ كاری هونەری، بۆیە بۆ كارێكی تازە پێویستم بە كاركردن هەیە. كە سەیری دۆخی كوردستانیش دەكەم، حەز دەكەم تا دۆخەكە باش دەبێ و گوزەران ئاسایی دەبێتەوە، بێدەنگ بم و دواتر كارەكان بڵاو بكەمەوە.

* هونەرمەندان بەردەوام گلەیی دەكەن. ئەی تۆ گلەییت نییە؟ 
- گلەیی من لە وەزارەتی رۆشنبیرییە كە بێسەروبەرە و زۆر كاری بێ بەرنامە و كرچوكاڵی كردووە. ئەوە كێشە گەورەكەی هونەرە لە كوردستاندا.

* بڕیار بوو گۆرانییەكی هونەرمەند حەسەن زیرەك بڵێیتەوە، گەیشتیتە كوێ؟
- بە پێوستم زانی گۆرانیی (گەوهەرێ)ی حەسەن زیرەك تازە بكەمەوە، ئەم گۆرانییە لە ئامادەكردنی هونەرمەند ئەحمەد چاوشینە و لە ئوسترالیا كاری تۆماركردنی بۆ كراوە. بڕیار بوو چەند ساڵێك لەمەوبەر بڵاو ببێتەوە، بەڵام كۆسپ هاتە پێش و خۆیشم كاری ترم بۆ هاتە پێش. بەڵام بڕیارە بەم زووانە كلیپی ئەم گۆرانییە تەواو بكەین.

* ئایا بەنیاز نیت بگەڕێیتەوە بۆ كوردستان؟
- حەز دەكەم بە كاری تازەوە بگەڕێمەوە كوردستان، بەڵام بۆ ئەوەیان هێشتا كار و كاتی ماوە. بۆیە ئەستەمە لەم ماوەیە بگەڕێمەوە.

وشە/ غەمگین خدر 




وشە - وشه‌