حكوومه‌تی نوێی ئه‌مه‌ریكا به سه‌رۆكایه‌تیی دۆناڵد تره‌مپ، ته‌نیا گه‌مارۆی ئێران له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هانی وڵاتان نادات تا دژی جموجۆڵه‌كانی ئێران هه‌ڵوێست وه‌ربگرن، به‌ڵكو تره‌مپ له ناوخۆیی ئه‌مه‌ریكاش ده‌ستی به هه‌ڵمه‌تێك كردووه، بۆ ڕیشه‌كێشكردن و دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی لۆبی بۆ ئێران ده‌كه‌ن و كاریگه‌ری له‌سه‌ر بڕیاره‌كان داده‌نێن تا له دژی ئێران ده‌رنه‌چن و له سه‌رده‌می باراك ئۆباما ژماره‌یه‌كی زۆریان چوونه‌ته نێو وه‌زاره‌ت و كۆشكی سپی و فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكاوه.
دۆناڵد تره‌مپ له‌م مانگه بڕیاری دا، سه‌حه‌ر نهورۆززاده ئه‌ندامی نووسینگه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆشكی سپی بگوازێته‌وه بۆ نووسینگه‌ی كاروباری ئێران، ئه‌مه‌ش دوای كۆمه‌ڵێك ڕاپۆرت و شیكردنه‌وه دێ كه هه‌مووان ئاماژه‌یان به‌وه ده‌كرد، نهورۆززاده هیچ ئینتیمایه‌كی بۆ حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا و سه‌رۆكی نوێی ئه‌مه‌ریكا دۆناڵد تره‌مپ نییه.
پێگه‌ی "برێت بارت" بڵاوی كرده‌وه، سه‌حه‌ر نهورۆززاده ماوه‌یه‌ك له ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی ئێرانی-ئه‌مه‌ریكی كاری كردووه، ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه پێوه‌ندییه‌كی به‌هێزی به حكوومه‌تی تاران و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌بوو، كاری كردووه بۆ به‌هێزكردنی ئه‌مه‌ریكییه به ڕه‌گه‌ز ئێرانییه‌كان تا كاریگه‌ری دروست بكه‌ن.
هاوكات نهورۆززاده به‌شدار بووه له نووسینه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی نێوان وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك و ئێران، كه له‌لایه‌ن باراك ئۆباماوه واژوو كراوه و له 14 تهمووز/یۆلیۆی 2015 هه‌مووان له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنه‌كه واژوویان كرد و خستیانه واری جێبه‌جێكردنه‌وه.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرای كرد، نهورۆززاده گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه بۆ شوێنی كاركردنی پێشووی خۆی له نووسینگه‌ی كاروباری ئێرانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵام ئاماژه‌ی نه‌داوه وه‌ك پێشوو وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌كه كار ده‌كاته‌وه یان وه‌ك كارمه‌ندێكی ئاسایی.
له‌وباره‌وه سه‌حه‌ر نهورۆززاده هیچ بۆچوونێكی له‌سه‌ر گواستنه‌وه و دوورخستنه‌وه‌ی ده‌رنه‌بڕی، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه ناوبراو له ساڵی 2005 ه‌وه پێوه‌ندی به حكوومه‌تی جۆرج ده‌بلیو بوشه‌وه كرد، به‌ڵام له سه‌رده‌می حكوومه‌تی ئۆباما به ته‌واوی هه‌وڵه‌كان و كاركردنی له به‌رژه‌وه‌ندی تاران یه‌كلا بووه، به‌تایبه‌ت له‌وكاته‌ی بوو به ئه‌ندامی نووسینگه‌ی ئۆباما بۆ دانوستاندن له‌سه‌ر پرسی چه‌كی ناوه‌كی ئێران. میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا به چڕی بڵاویان كردووه‌ته‌وه كه سه‌حه‌ر به ڕژدی كاری بۆ لۆبی تاران به‌سه‌ر واشنتنه‌وه كردووه، تا ڕێگری له‌و بڕیارانه بكه‌ن كه كۆشكی سپی دژی تاران ده‌یه‌وێ ده‌ریان بكات.
هۆشه‌نگ ئه‌میر ئه‌حمه‌دی كه یه‌كێكه له باڵاترین كه‌سایه‌تییه‌كانی لۆبیی تاران له واشنتن ده‌ڵێ، پێوه‌ندییه‌كانی ئێران و ئه‌مه‌ریكا گه‌ڕایه‌وه بۆ خاڵی سفر دوای ئه‌وه‌ی تره‌مپ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكای برده‌وه.
لۆبی تاران له واشنتن گرووپێكن ناویان "نایاك"ه و له‌لایه‌ن تریتا بارسی به ڕه‌گه‌ز ئێرانی و هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی سوید و نیشته‌جێی ئه‌مه‌ریكا سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن.
حه‌سه‌ن داعی توێژه‌ری ئێرانی ده‌ڵێ، بارسی له ماوه‌ی هه‌ردوو ویلایه‌تی باراك ئۆباما 33 جار سه‌ردانی كۆشكی سپی كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی بۆچوونی خۆی بگه‌یه‌نێت و كه‌ناڵی پێوه‌ندیی له نێوان تاران و واشنتن بكاته‌وه و هه‌ردوولا بگه‌نه ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پێگه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
ئێسته حكوومه‌تی واشنتن ته‌واوی هه‌وڵه‌كانی لۆبی ئێرانی شكست پێ هێناوه و ڕاسته‌وخۆ به شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو ده‌ستی به پته‌وكردنی پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ سعوودیه و میسر كردووه‌ته‌وه، هه‌وڵ بۆ دروستكردنی هاوپه‌یمانییه‌كی فره‌وان دژی حكوومه‌تی تاران ده‌دات.
ریكس تیلرسۆن ڕۆژی 19ی ئه‌م مانگه ئاشكرای كرد، واشنتن پێداچوونه‌وه‌یه‌كی ته‌واو به سیاسه‌ته‌كانی به‌رامبه‌ر ئێران ده‌كات، دووپاتی له‌وه كرده‌وه ئێران گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌ته كه پشتیوانی و هاوكاری تیرۆر ده‌كات له دنیادا، ئێران پشتیوانی ڕژێمی ئه‌سه‌دی وه‌حشی ده‌كات له سووریا و ململانێكان درێژ ده‌كاته‌وه، له عێراق ئێران پشتیوانی پێشكه‌شی گرووپه چه‌كداره‌كانی عێراق ده‌كات، له یه‌مه‌ن ئێران پشتیوانی حووسییه‌كانی كرد بۆ له‌كارخستن و دوورخستنه‌وه‌ی حكوومه‌تی یه‌مه‌ن، ئێران له پشت ته‌واوی هێرشه تیرۆریستییه‌كانه له ناوچه جیاجیاكانی دنیا ئه‌نجام ده‌درێن، ویستی ئێران له به‌ده‌ستهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی یارمه‌تیده‌ره له تێكدانی ئاشتی و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، ئێران هه‌موو ڕێگه‌یه‌ك ده‌گرێته‌به‌ر بۆ تێكدانی ئارامی گه‌لانی ناوچه‌كه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی تره‌مپ پێداچوونه‌وه‌ی ته‌واو به سیاسه‌ته‌كانی به‌رامبه‌ر ئێران ده‌كات. كاتێك گه‌یشتنه ئه‌نجامه‌كان ڕووبه‌ڕووی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه ده‌بینه‌وه كه ئێران سه‌پاندوویه‌تی، به ڕوونی و باوه‌ڕ به‌خۆبوونه‌وه.
دۆناڵد تره‌مپ له سه‌ره‌تای بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام له كه‌مپه‌ینه‌كانی ڕه‌خنه‌ی توندی له سیاسه‌ته‌كانی باراك ئۆباما به‌رامبه‌ر ئێران ده‌گرت و سه‌ركۆنه‌ی ڕێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ده‌كرد. ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه ده‌دا كه هه‌ركات ببێته سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی نێوان ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی تر له‌گه‌ڵ ئێران ده‌دڕێنێت، له به‌رامبه‌ریشدا عه‌لی خامنه‌یی ڕابه‌ڕی شۆڕشی ئیسلامی ئێران له وه‌ڵامی تره‌مپدا گوتی، ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌كه بدڕێنێت، ئێمه ده‌یسووتێنین.
لۆبیكردنی وڵاتان له واشنتن دیارده‌یه‌كی زۆر باوه و هه‌مووان له ڕێی پاره‌ی زۆره‌وه ساڵانه لۆبی له ڕێی گرووپه‌كانی فشار له‌سه‌ر حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن، به‌هێزترین لۆبی له ئه‌مه‌ریكاش لۆبی ئیسرائیله، كه ده‌توانێ زۆرترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر حكوومه‌تی واشنتن دابنێت.