كێشەكە گەورەتر بووەتەوە.. نیمار لەگەڵ بەرشەلۆنە گەیشتە مەدرید
نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی لە ریزی ئەو شاندی یانەی بەرشەلۆنە بووە كە چەند سەعاتێك پێش ئێستا گەیشتووەتە شاری مەدریدی پایەتەختی ئیسپانیا بۆ ئەنجامدانی یاریی كلاسیكۆ.
ئەمشەو سەعات 9:45ی شەو بەكاتی كوردستان، یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە گەڕی 33ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا مێوانداریی یانەكە ركابەرەكەی بەرشەلۆنە دەكات.
ئەگەر لەو یارییەدا یانەی ریال مەدرید سەركەوتن بەدەست بێنێ تاڕادەیەكی زۆر لە بەدەستهێنانی ناسناوی خولی ئیسپانیا نزیك دەبێتەوە، ئەگەریش یانەی بەرشەلۆنە بباتەوە ركابەرییەكان لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوەكە بەهێزتر دەبێت.
بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان یانەی بەرشەلۆنە نیازی هەیە لەو یارییەدا نیمار بەشداری پێ بكات هەرچەندە ئەو ئەستێرەیە سزای راگرتنی لە 3 یارییدا بەسەر سەپێنراوە.
رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی دوێنێ شەموو ئاشكرای كردبوو كە بەشێك لە شارەزایانی یاسایی لە یانەی بەرشەلۆنە پێیان وایە هێشتا هەلی ئەوەیان لەبەردەم ماوە داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەكەی لیژنەی ناوبژیوانانی یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بكەن سەبارەت بە بەشداریكردنی نیمار لە یارییەكەی ئەمشەودا.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدابوو كە ئەو شارەزایە یاساییانەی یانەی بەرشەلۆنە پلانیان داڕشتووە داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەكە پێشكەش بە یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بكەن، لەگەڵ قبووڵكردنی داواكەش بەشداریكردنی نیمار لە یاریی كلاسیكۆدا یاسایی دەبێت، چونكە تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیژنەكە بۆ ئەم مەبەستە كۆ نابێتەوە.
بەڵام یاساییەكانی یانەی بەرشەلۆنە بۆ ئەم دۆخە كێشەیەكیان هەیە، ئەویش ئەوەی كە ئەگەر لیژنەكە دووبارە دان بە سزاكەی نیمار دابنێتەوە ئەوا ئەنجامی یارییەكە بۆ بەرژەوەندی یانەی ریال مەدرید هەژمار دەكرێت تەنانەت ئەگەر یانەی بەرشەلۆنەش لە یارییەكەدا سەركەوتنی بەدەستهێنابێت.
رۆژنامەكە لە راپۆرتێكدا ئەمڕۆ یەكشەم بڵاوی كردەوە كە لای خۆیەوە دادگای ناوبژیوانی وەرزشی ناودەوڵەتی ئاگاداری یانەی بەرشەلۆنەی كردووەتەوە لە بەشداریكردنی نیمار لە یارییەكەدا.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە تا ئێستا دیار نییە یانەی بەرشەلۆنە لە یارییەكەی ئەمڕۆدا بەشداریی بە نیمار دەكات یانیش تەنیا بۆ بەرزكردنەوەی ورەی یاریزانان ئەو ئەستێرە بەڕازیلییەی لەگەڵ شاندی یاریزانانی یانەكەی داناوە.
رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە كە بەشێك لە ئەندامانی یانەی بەرشەلۆنە داوایان لە ئێنریكی كردووە دان بە بڕیارەكەی لیژنەكە دابنێن و لە یارییەكەدا بەشداریی بە نیمار نەكەن بۆ ئەوەی یانەكەیان نەخاتە دۆخێكی خراپ و داهاتوویەكی ئاڵۆزی نادیارەوە.
جێی باسە یانەی ریال مەدرید ئێستا بەكۆكردنەوەی 75 خاڵ لە ریزی یەكەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا دێت، یانەی بەرشەلۆنە دوای ئەو دێت بە 72 خاڵ.
وشە -
ئامانج ئهكرهم