به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتوچۆى هه‌ولێر ئاشكراى ده‌كات، له‌كاتى وه‌رگرتنى مووچه‌ى ئه‌و مانگه‌ى فه‌رمانبه‌ران، بانكێكى حكوومى بڕى چوار ملیۆن و 500 هه‌زار دینار زیاده‌ى بۆ ناردووین و ئێمه‌ش بۆمان گه‌ڕاندنه‌وه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م ڕائید فازڵ حاجى حوسێن گوته‌بێژى هاتوچۆى هه‌ولێر به گوشه"ى ڕاگه‌یاند، ئه‌فسه‌ری هاتوچۆی هه‌ولێر ملازمی یه‌كه‌م قه‌هار مامه له‌كاتی دابه‌شكردنی مووچه‌ی ئه‌م مانگه، بۆی ده‌ركه‌وت بڕی چوار ملیۆن و 500 هه‌زار دینار له پاره‌كه‌ی كه له بانك وه‌ری گرتووه، زیادی كردووه.
گوته‌بێژى هاتوچۆى هه‌ولێر ده‌ڵێت، بۆیه وه‌ك ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی له دوای ئاگاداركردنه‌وه‌ی سه‌رووی خۆی، به‌نووسراوێكی فه‌رمی بڕه پاره‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه بۆ بانك و هیوادارین به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بانكی دیده‌وانیش به‌هه‌مان شێوه ده‌ستخۆشیه‌كی فه‌رمیی بۆ ئه‌فسه‌ری ناوبراو بنێرن بۆ ئه‌وه‌ی هانده‌ر بێت بۆ خه‌ڵكانی تریش.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتوچۆى هه‌ولێر سه‌ر به وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه، بڕیار بوو ڕۆژى پێنجشه‌مى ڕابردوو مووچه‌یان پێ بدرێت، به‌ڵام به‌هۆى بوونى پشوو له ڕۆژى چوارشه‌م پێدانى مووچه‌كه‌یان كه‌وته ڕۆژى یه‌كشه‌م.