زیاتر لە 43 ملیۆن دۆلار لە شوقەیەك دۆزرایەوە

:: PM:07:17:23/04/2017 ‌
لیژنەی تاوانە ئابووری و داراییەكان لە نێجیریا، دۆزینەوەی 43 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی لە یەكێك لە شوقەكانی وڵاتەكەی راگەیاند و لێكۆڵینەوە بۆ زانینی سەرچاوەی ئەو پارەیە، بەردەوامە.

ئەو لیژنەیە لە پەیجی فەرمیی خۆیەوە بڵاوی كردووەتەوە، كە پەیامێكیان پێ گەییشتووە بەوەی كەسێك لە كاتی چوونە ژوورە و چوونە دەرەوەی لەو شوقەیە، بەردەوام چەند كیسەیەكی پێ بووە.

هاوكات باسی ئەوەیشیان كردووە، كە لە نهۆمی حەوتەمی ئەو باڵاخانەیە لە تاوەری ئۆسبۆرن لە شاری لاگۆس، ئەو بڕە پارەیەیان دۆزیوەتەوە.

دوای ئەوەی پاسەوانی ئەو شوقەیە رایگەیاند لەو شوێنەدا كەس ناژیت، بەڵام دەزگە ئەمنییەكان هێزیان بۆ بڕینی بەربەستی ئەو پاسەوانە بەكار هێنا و لە پشت چەند تابلۆیەكی دارینەوە ئەو بڕە پارەیەیان دۆزیوەتەوە، باوەڕ وایە لە چالاكی رێپێنەدراوەوە دەستی خستبێت.

لیژنەكە روونی كردووەتەوە كە هێشتا لێكۆڵینەوە بۆ زانینی سەرچاوەی ئەو پارە زۆرە بەردەوامە.

سەرچاوە/ عەجیب نێت.




وشە - مامه‌یاره‌ ئه‌حمه‌د