جۆن كێری: دەبێ رووسیا بەرپرسیار بێت لەو تاوانانەی لە سووریا دەكرێن

:: AM:10:09:08/10/2016 ‌
جۆن كێری رای دەگەیەنێت، رووسیا لە ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەكانیدا بۆ سەر حەلەب، تاوانی جەنگی ئەنجام داوە و هێرشكردنە سەر نەخۆشخانە و قوتابخانەكانی ئەو شارەی بە ئامانجدار و هێرشی بە ئەنقەست ناو برد.

بەرەبەیانی رۆژی شەموو 8ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، جۆن كێری لە واشنتۆن هێرشی توندی كردە سەر هێزی ئاسمانی رووسیا و سوپای بەشار ئەسەد و بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتباری كردن.

زیاتر روونی كردەوە، رووسیا و رژێمی ئەسەد دەبێ لە بەردەم كۆمەڵگەی جیهانیدا وەڵام بدەنەوە كە بۆچی بەردەوامن لە بۆردومانكردنی نەخۆشخانە و ناوەندەكانی تەندروستی و خەڵكی بێ تاوانی شاری حەلەب؟ هاوكات ئەو هێرشانەی خستە ناو خانەی تاوانی سەرەوە و داوای كرد داگەیەكی تایبەت پێك بهێنرێت بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونیان.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەیش دا، رووسیا باكی بەوە نییە سەرجەم دانیشتوانی حەلەب بكوژرێن. سوپای ئەسەد لە رۆژهەڵاتی حەلەب هێرشێكی فراوانیان دەست پێ كردووە و لەلایەن فڕۆكەكانی رووسیاوە پشتیوانی دەكرێن.

ئەمەریكا لە دوای پێشێلكردنی ئاگربەستی حەلەب لەلایەن رووسیا و سوپای بەشار ئەسەد، دانوستانەكانی لەگەڵ رووسیا هەڵپەسارد و خەریكی ئامادەكارییە بۆ جێبەجێكردنی پلانی "B" لە سووریا.

پلانی "B" واتای بژاردەی سەربازی و دوای پێنج ساڵ و چوار مانگ هەوڵدان بۆ دانوستان و چارەسەری پرسی سووریا بە رێگەی سیاسی و دانوستاندن، سەرئەنجام ئەمەریكا بڕیاری یەكلاكەرەوەی دا و رای گەیاند، رووسیا ئەوەندەی ئامانجی كوشتن و لەناوبردنی هاووڵاتییانی سڤیلی سووریایە، هێندە هەوڵ بۆ چارەسەری دۆخەكە نادات. ئێستە كۆشكی سپی سەرقاڵی تاوتوێكردنی چارەسەری دۆخی سووریایە لە رێگەی سەربازی.

وشە/ئاژانسەكان- هیدایەت جان


وشە - هیدایه‌ت جان