بۆچی میسی درێسەكەی بەمشێوەیە بەرز كردەوە؟


رۆژنامەیەكی مەدریدی مەبەست و ئەو نهێنییەی ئاشكرا كرد كە لیۆنێل میسی ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە لە كاتی تۆماركردنی گۆڵی سێیەمدا درێسەكەی لەبەر كردبووەوە و بەڕووی هاندەراندا بەرزی كردبووەوە.

شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە یاریی كلاسیكۆی گەڕی 33ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامی 2-3 گۆڵ لە یانەی ریال مەدریدی ركابەری بردەوە، بەمەش بەكۆكردنەوەی 75 خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ ریزبەندی یەكەمی خولەكەی وەرگرتەوە.

چەند چركەیەك بەر لە تەواوبوونی یارییەكە، لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی گۆڵی دووەمی خۆی لە یارییەكەدا و سێیەم و سەركەوتنی یانەی بەرشەلۆنەی تۆمار كرد.

لە كاتی تۆماركردنی گۆڵەكەدا، میسی بۆ یەكەمجار بەشێوەیەكی جیاواز ئاهەنگی تۆماركردنی گۆڵەكەی گێڕا ئەویش بە لەبەركردنەوەی درێسەكەی و بەرزكردنەوەی لەبەرامبەر هاندەراندا.

لەمبارەیەوە رۆژنامەی (ماركا)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید بڵاوی كردەوە: نهێنییەكەی میسی بۆ نمایشكردنی درێسەكەی ئەوە بووە كە ویستوویەتی جەماوەری یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بێ دەنگ بكات، دوای ئەوەی لە چەند بەشێكی یارییەكەدا فیكە و ناڕێزییان بەرامبەر كردبوو.

میسی پێشتریش لە یارییەكەی بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمان دوای بردنەوەیان بە ئەنجامی 6-1 گۆڵ، بەهەمانشێوە بەشێوەیەكی جیاواز ئاهەنگی سەركەوتنی گێڕا بوو.

رۆژنامە مەدریدییەكە ئاماژەی بەوەشدا كە میسی بە نمایشكردنی درێسەكەی ویستوویەتی بە هاندەرانی یانەی ریال مەدرید بڵێ ئەو هەمیشە بۆیان ئامادە دەبێت و سەركەوتن پێشكەش بە بەرشەلۆنە و هاندەرانی دەكات.

جێی باسە میسی بە تۆماركردنی ئەو 2 گۆڵە، كۆی گۆڵەكانی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە كردە 500 گۆڵ و ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی تۆمار كرد.
 
 




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م


PM:12:57:24/04/2017




ئه‌م بابه‌ته 19979 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌