شەكر چی لە جەستەی مرۆڤ دەكات؟

:: PM:02:52:24/04/2017 ‌

یەكێك لە خراپترین شت كە زیان بەلەشمان دەگەیەنێت ئەویش ئەو شەكرەیە كە ڕۆژانە دەیخۆین، مەرج نییە شەكری سروشتی بگرێتەوە وەكو شەكری میوە، بەڵكوو تەنیا شەكری پوختەكراو دەگرێتەوە كە ڕۆژانە لەگەڵ چا و لە نێو شیرینییەكان دەیخۆین، تیمێكی زانستی لە زانكۆی كالیفۆرنیا لە سانفرانسیسكۆ  (UCSF) بەم دوایانە توێژینەوەیەكیان كرد هەشت هەزار پشكنینی زانستی لەسەر چۆنیەتیی كاریگەری خستنە سەر جەستەی مرۆڤ بەهۆی شەكرەوە ڕوون دەكاتەوە، لە ئەنجام دا دەركەوتووە كە شەكر لە نێو جەستەدا  نەك تەنیا دەبێتە هۆی توشبوون بە قەڵەوی، بەڵكوو چەندان نەخۆشی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

 تاقیكردنەوە زانستییەكان ئەوەیان سەلماند  كە شەكر سەرچاوەی سەرەكییە لە دروست بوونی نەخۆشییەكانی دڵ و نەخۆشی شەكرەی جۆری 2 ، لۆرە شمیت پرۆفیسۆرێكی دەرمانە لە زانكۆی كالیفۆرنیا لەوبارەوە دەڵێ، شەكر زۆر ژەهراوییە بۆ لەش و ئەندامە گرنگەكانی جەستە بەتایبەت جگەر.

بەگوێرە پشكنینەكان، نزیكەی سێ چارەكی خۆراك لە شەكری ئامادەكراو بەكاردەهێنرێت، ئەم شەكرە بەشێوەیەكی نموونەیی ریزبەند دەكرێت لە ژێر 16 ناوی جیاوازدا ، هەروەك شیلەی گەنمەشامی، فرەكتۆز، دێكسترەوس، شەربەتی قامیشی شەكر و سوكرۆزی بە هەڵم. توێژینەوەكە دەریخستووە كە لە ئەنجامی خواردنی شەكر كە كاریگەری بەردەوامی لەسەر ملیۆنەها خەڵك دروست كردووە و پێشەنگی هۆكارەكانی گرتووە بۆ تووشكردنی مرۆڤ بە نەخۆشییەكانی  كەم چالاكی جگەر، جەڵتەی دڵ، مەیینی خوێن و حاڵەتی لیمفە گرێیەكان. بەگشتی بەكارهێنانی نزیكەی 20 كەوچكی چا یان نزیكەی 78 گرام لە شەكر بە شێوەی رۆژانە مەترسی زۆر گەورە دەخاتە سەر ژیانی مرۆڤەوە.

هاوكات پسپۆران ئاماژە بەوە دەكەن، مرۆڤی پێگەیشتوو ڕۆژانە پێویستی بە شەش كەوچكی چا یان 24 گرام شەكر هەیە، لە منداڵانیش سێ تا شەش كەوچكی چا یان 12 تا 24 گرام شەكر، هەركات لەو ڕێژەیە زیاتر شەكر بخۆن، ئەوا بەدەستی خۆتان مەترسی گەورە بۆ سەر جەستە و تەندروستی خۆتان دروست دەكەن.

سەرچاوە/ getholistichealth





وشە - ئاوات ئازاد