له‌ رۆژی جیهانیی كتێبدا له‌ گه‌رمیان پێشانگه‌ی كتێب كرایه‌وه‌

:: PM:03:24:24/04/2017 ‌
ئه‌مساڵ جیاواز له‌ ساڵانی رابردوو، له‌لایه‌ن رێكخراوێكی تایبه‌ت به‌ لاوان و ده‌زگه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، رۆژی جیهانیی كتێب له‌ شارۆكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی یه‌كه‌ی كارگێڕیی گه‌رمیان به‌ په‌یكه‌ری كتێب و پێشانگه‌یه‌كی كتێب كرایه‌وه‌.

رێبوار مسته‌فا، به‌رپرسی ناوه‌ندی باڵای گه‌رمیانی یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند ، "ئه‌مڕۆ دووشه‌م  له‌ رۆژی جیهانیی كتێبدا به‌ پێویستمان زانی ئه‌ركی دروستكردنی په‌یكه‌ری كتێب بگرینه‌ ئه‌ستۆی خۆمان و له‌ نێوه‌ندی كتێبخانه‌ی گشتیی كه‌لار دایبنێین."

ئه‌و گوتیشی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ داوایان له‌ هونه‌رمه‌ندی په‌یكه‌رساز به‌یان مانی كرد ئه‌و ئه‌ركه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ .

به‌یان مانی به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، "ئه‌و په‌یكه‌ره‌ی دروستم كردووه‌، پێك هاتووه‌ له‌ قه‌ڵه‌مێك كه‌ كتێب ده‌وری داوه‌ و ئه‌مه‌ش بیرۆكه‌ی كۆمه‌ڵێك گه‌نج بوو له‌ یه‌كێتی لاوان و به‌رپرسانی رۆشنبیری و خوێنه‌رانی گه‌رمیان.

مانی رای گه‌یاند، ئه‌و كاره‌ بۆ كتێبخانه‌ زۆر گونجاوه‌ و ئه‌وه‌ی پێشان داوه‌ دره‌خت چۆن به‌ر ده‌گرێ، قه‌ڵه‌میش ئاوا به‌ر ده‌گرێ و به‌رهه‌می قه‌ڵه‌میش بێگومان كتێبه‌.

هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ كتێبخانه‌ی گشتیی كه‌لار پێشانگه‌یه‌كی كتێب به‌هه‌مان بۆنه‌ ده‌كرێته‌وه‌.

دڵشاد ئیبراهیم ، سه‌رپه‌رشتیاری پێشانگه‌كه‌ به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، ده‌زگه‌ی هه‌ورامان و ئیمان به‌هاوكاری كتێبخانه‌ی گشتیی كه‌لار و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رۆشنبیری و هونه‌ری گه‌رمیان، ئه‌م پێشانگه‌یه‌ی كردووه‌ته‌وه‌ و بۆ ماوه‌ی 10 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێ و نرخی داشكاندنیش بۆ ته‌واوی كتێبه‌كان 30% بۆ له‌ ٥٠%یه‌.

كتێبه‌كان نزیكه‌ی دوو هه‌زار ناونیشان له‌خۆ ده‌گرن و زیاتر له‌ حه‌وت هه‌زار كتێب ده‌بن، هاوكات سه‌رجه‌م بواره‌كانی جیۆگرافیا و ئه‌ده‌ب و ئاین و كولتوور و مێژوو به‌ زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی ده‌گرێته‌وه‌.


گه‌رمیان/ سه‌بری هۆرینی








وشە - سلێمان تاشان