ترەمپ: كۆریای باكور كێشەیە بۆ جیهان و دەبێ لەناوببرێ

:: AM:09:04:25/04/2017 ‌

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ڕای گەیاند، ڕێوشوێن دەگرنە بەر تا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سزای نوێ بەسەر كۆریای باكور بسەپێنرێت، ئەمەش لە سەروبەندی پەرەسەندنی گرژییەكانی نێوان هەردوولا دێ، بەتایبەت لە پرسی پەرەپێدان بە چەكی ئەتۆمی و مووشەكی بالیستی.

ترەمپ گوتی، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەجۆرێك مامەڵە دەكەن، چاویان نەبینێت، چەند دەیەیەكە ئەو كێشە گەورەیە بوونی هەیە و پێویستە لە كۆتادا چارەسەر بكرێت.

سەرۆكی ئەمەریكا بە باڵوێزی وڵاتانی لە نێو ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانی گوت، لەوكاتەی دوودڵی و نیگەرانییەكان لەبارەی كۆریای باكور زیاتر دەبوون، ئەوان بێباكانە هەوڵی تاقیكردنەوەی شەشەم بۆمبی ئەتۆمیان دەدا، ئەو دۆخەی لە كۆریای باكور هەیە قبووڵكراو نییە.

ناوبراو لە كۆشكی سپی میوانداری باڵوێزی وڵاتانی كرد و گوتی، پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش ئامادە بێ بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر كۆریای باكور و بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكییەكەی، ئەمە هەڕەشەیەكی ڕاستەقینە لەسەر دنیا و پێویستە لەسەر هەمووان بەشێوەیەكی یەكجارەكی چارەسەری بكەین.

بەرپرسانی ئەمەریكا لەوبارەوە دووپاتیان كردەوە، كە حكوومەتی ئەمەریكا خەریكی گرتنەبەری ڕێوشوێنە بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بە هۆی تاقیكردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی و مووشەكی بالیستی لەلایەن كۆریای باكورەوە.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د