مەسروور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، پارتی لە هەموو لایەك پەرۆشترە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، پێویستیش ناكات موزایەدە بە كاراكردنەوەی پەرلەمان بكرێ. لەبارەی جیاوازی پارتی و حزبەكانی تریش دەڵێ، ئێمە دەمانەوێ دامەزراوە یاسایی و دیموكراتییەكان دوور بن لە بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی و لە خزمەتی پرۆسە نیشتمانی و ستراتیجییەكاندا بن، جیاوازیشمان لەگەڵ حزبەكانی تر ئەوەیە و لە كۆبوونەوەكانیش باسی كراوە.
مەسروور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ژمارەی ئەمڕۆی هەفتەنامەی "باس" ڕای گەیاندووە، پێویست ناكات هیچ لایەنێك موزایەدە بە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانەوە بكات، پارتی لە هەموو لایەنێك بە پەرۆشترە بۆ ئەم پرسە.
هەروەها گوتی، پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەموو لایەنەكانی تر كورسی زیاترە لە پەرلەمانی كوردستان، لە هەموو لایەنێكیش زیاتر لایەنگری كاراكردنەوەی پەرلەمانێكی تەندروست و كارایە كە لە خزمەتی گەل و نیشتماندا بێت، بەڵام دیارە بۆچوونی جیاواز لە چۆنیەتیی كاراكردنەوەی پەرلەمان هەیە.
مەسروور بارزانی لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا ئاماژەی داوە، ئەگەر مەبەست كاراكردنەوەی پەرلەمانێك بێ كە لە خزمەتی گەل و نیشتمان و پرۆسە گرنگ و ستراتیجییەكانی هەرێمی كوردستان بێ، ئەوا چەندان پێشنیاز هەن كە پێویستیان بە تاوتوێكردن هەیە و پێمان وایە بە هەموو لایەكمان دەتوانین بگەینە ئەنجامێك كە لە بەرژەوەندیی ئامانجە نیشتمانییەكاندا بێ، بێگومان ئەوەش جیاوازە لە چارەسەركردنی كێشە حزبییەكان كە لەسەر حیسابی پەرلەمان و پرسە گرنگ و چارەنووسسازەكان، لایەنێكی دیاریكراو ڕازی بكرێت.
لە كۆتای لێدوانەكەی مەسروور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، هێمای بۆ ئەوەش كرد، ئێمەش وەك پارتی، هەمیشە داكۆكیمان لە موئەسەساتی یاسایی و دیموكراتی كردووە، تەنیا جیاوازیی ئێمە ئەوەیە كە پارتی پێی باش نییە ئەم موئەسەساتانە بۆ بەرژەوەندی تەسكی حزبی یان شەخسی بەكار بێن، لە كۆبوونەوەكانیشماندا لە نێو خۆمان و لەگەڵ لایەنەكانیش بە ڕاشكاوی باسی ئەم بابەتەمان كردووە.