ریال مەدرید لە زێدان توڕەیە

:: AM:10:52:25/04/2017 ‌

رۆژنامە ئیسپانییەكان ئاشكرایان كرد كە یانەی ریال مەدرید داوای لە زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی كردووە گۆڕانكاری لە پلان و سیاسەتی یاریكردنیدا بكات بەتایبەتیش سەبارەت بە هەرسێ هێرشبەر كریستیانۆ رۆناڵدۆ و گاریس بێڵ و كەریم بەنزیما.

رۆژنامەی (ماركا)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید بڵاوی كردەوە: سەرۆكایەتیی یانەی ریال مەدرید بڕوای تەواوی بە زێدان هەیە، بەڵام پێیانوایە دەبێت بۆ یارییەكانی داهاتوو گۆڕانكاری لە شێوازی یاریكردن و سیاسەتەكانی بكات بەتایبەتیش هەرسێ هێرشبەرەكەی كە بە (BBC)ی ناسراون.

رۆژنامەكە هەروەها بڵاوی كردەوە: سەرۆكایەتیی یانەكە بڕوای بە رۆناڵدۆ و بەنزیما هەیە و ئاستێكی باش پێشكەش دەكەن، بەڵام هەرسێ هێرشبەرەكە ئێستا ئاستییان وەك پێویست نییە.

رۆژنامەی ماركا ئاماژەی بەوەشدا كە زێدان ماوەی 16 مانگە تەنیا پشت بە هەرسێ هێرشبەرەكە دەبەستێ كاتێك بۆ یاریكردن ئامادەبن و یاریزانە یەدەگەكانیش فەرامۆش دەكات، هەرچەندە ئەو یاریزانە یەدەگانە لە یارییەكانی رابردوودا سەلماندوویانە ئاستێكی باش پێشكەش دەكەن بەتایبەتیش ڤاسكوێز، ئیسكۆ، ئەسینسیۆ، خامیس و مۆراتا.

رۆژنامە مەدرییەكە لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوەشداوە كە یاریزانەكان لە ژووری خۆگۆڕیندا بڕوایان بە هەرسێ هێرشبەرەكەیان نەماوە و پێیانوایە دەبێت ئاستییان بەرز بكەنەوە تا هەلی یاریكردنیان پێ بدرێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م