نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی دنیا له دابه‌زیندایه و گه‌یشتووه‌ته نزمترین ئاستی له ماوه‌ی چوار هه‌فته‌ی رابردوودا. ئێسته هه‌ر به‌رمیلێك له نه‌وتی برێنت به ٥١ دۆلار و ٧٧ سه‌نت ده‌فرۆشرێت، له كاتێكدا ١٢ رۆژ له‌مه‌وبه‌ر نرخه‌كه‌ی گه‌یشتبووه سه‌رووی ٥٦ دۆلار.
یه‌كێك له هۆكاره‌كانی دابه‌زینی نرخی نه‌وت له چوار هه‌فته‌ی رابردوودا، بریتییه له ده‌ركه‌وتنی هه‌ندێك ئاماژه بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بڕی نه‌وت له دنیادا.
هێشتا بازاڕی نه‌وت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی له وڵاتانی ئۆپێك هه‌یه بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگی تر رێككه‌وتنی دابه‌زاندنی بڕی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت كه‌م بكاته‌وه.
هه‌ندێك رای تایبه‌تی له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش بڵاو كراوه‌ته‌وه گوایه ئۆپێك خوازیاری ئه‌مه نییه بۆ شه‌ش مانگی تر درێژه به رێككه‌وتنی دابه‌زاندنی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت بدات، چونكه به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی لیته‌یی یان شێل خه‌ریكه گه‌شه ده‌كات و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر پێگه‌ی رێكخراوی ئۆپێك و رۆڵی ئه‌و رێكخراوه له نرخی نه‌وت ده‌بێت.
ئێسته ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی ئه‌مه‌ریكا گه‌یشتووه‌ته به‌رزترین ئاستی له ماوه‌ی ساڵێك و هه‌شت مانگی رابردوودا و ژماره‌ی تاوه‌ره‌كانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت بۆ چوارده‌یه‌مین هه‌فته‌ی له‌دوای یه‌ك رووی له به‌رزبوونه‌وه كردووه.
دوای رێككه‌وتنه‌كانی وڵاتانی ئۆپێك و ده‌ره‌وه‌ی ئۆپێك، نرخی نه‌وت له نێوان ٥٤ دۆلار و ٥٦ دۆلار ده‌فرۆشرا. له حه‌وتی ئاداری ئه‌مساڵ نرخی نه‌وت به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی و ئه‌و دابه‌زینه‌ش تا كۆتای هه‌فته‌ی رابردوو به‌رده‌وام بوو.
به‌گوێره‌ی
dailyfx تێكڕای نرخی نه‌وت له سه‌ره‌تای مانگی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی رابردووه‌وه تا حه‌وتی ئاداری ئه‌مساڵ ٥٥ دۆلار و ٥٠ سه‌نت بووه. پێویسته بگوترێت دوای رێككه‌وتنی وڵاتانی ئۆپێك له ٣٠ مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی رابردوو، نرخی نه‌وت به‌رز بووه‌وه، ئه‌گه‌ر نا پێشتر له خوارووی ٤٥ دۆلار ده‌فرۆشرا و سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٥ه‌ش بۆ نزیكه‌ی ٢٧ دۆلار دابه‌زیبوو.
نرخی نه‌وتی كوردستان و عێراق لانی كه‌م هه‌شت دۆلار كه‌متر له نه‌وتی برێنت ده‌فرۆشرێن، بۆیه‌ش دابه‌زینی نرخی نه‌وت كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر كه‌رتی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان دانا و هێنده‌ی تر ته‌نگژه‌ی دارایی هه‌رێمی كوردستانی قووڵ كرده‌وه.
له سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٤دا نرخی نه‌وت له سه‌رووی ١١٠ دۆلار ده‌فرۆشرا. له مانگی حوزه‌یرانی ساڵی ٢٠١٤ داعش سه‌ری هه‌ڵدا و تا كۆتای ساڵه‌كه‌ش نه‌وت رووی له دابه‌زین كرد و ئه‌و دابه‌زینه به‌رده‌وام بوو تا كۆتای ساڵی ٢٠١٥، له یه‌كه‌م مانگی ساڵی ٢٠١٦ گه‌یشته نزمترین ئاست و هه‌ر به‌رمیلێك له نه‌وتی برێنت به ٢٧ دۆلار ده‌فرۆشرا.
ئه‌وه‌ی هۆكار بووه له دابه‌زینی نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی دنیا، بریتی بووه له زۆریی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له دنیا و كه‌میی به‌كاربردنی نه‌وت. بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه له كۆتای مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی ٢٠١٦، وڵاتانی ئۆپێك بڕیاریان دا نزیكه‌ی ملیۆنێك و ٢٠٠ هه‌زار به‌رمیل له به‌رهه‌مهێنانی رۆژانه‌یان كه‌م بكه‌نه‌وه و له ١٠ی مانگی كانوونی یه‌كه‌میش وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی ئۆپێك به سه‌رۆكایه‌تیی رووسیا بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی نزیكه‌ی ٦٠٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتیان دا.